کوردستان24 زانیاریی لەسەر ناردنی مووچە و کۆبوونەوەکانی بەغدا ئاشکرا دەکات
کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوام دەبن و ئەگەر هەیە ئەمڕۆ مووچەی مانگی یەک خەرج بکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، تا درەنگانی شەوی ڕابردوو (یەکشەممە، 02-02-2025)، هەردوو تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان و عێراق، سەرقاڵی چارەکردنی کێشەکانی پەیوەیست بە مووچە بوون و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممەش، 03-02-2025، جارێکی دیکە هەردوو تیمەکە کۆ دەبنەوە بۆ چارەکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی یەکجاری.
کوردستان24 زانیویەتی، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئەنجامی گفتوگۆکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغدا، دەخرێتە بەردەم تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و ئەگەر ئەو ئیمزا لەسەر ڕێککەوتنی ھەردوو تیمە تەکنیکیەکانی بکات؛ ڕاستەوخۆ مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، کە زیاتر لە 950 ملیار دینارە.
ھەر بەپێی زانیاریەکانی پەیامنێری کوردستان24، ھەوڵ دەدرێت ئەمڕۆ لەسەر ئاستی باڵای ھەردوو وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان و عێراق، کۆتا کۆبوونەوە لەبارەی مووچەی 12 مانگی ئەمساڵی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بەردەوامن لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵی، کار بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن.
دوێنێ یەکشەممە، 02-02-2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لە بەغدا، گوتی: "لەو یەک دوو ڕۆژەدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت."
هەورامانی باسی لەوەش کرد:"هەماهەنگییەکی زۆر باش لە نێوان هەردوولا هەیە و نییەتی چارەکردنی کێشەکانیش هەیە. گفتوگۆکانی نێوانیشیان بە تەنیا بۆ زامنکردنی مووچەی مانگێک نییە، بەڵکوو بۆ مووچەکانی هەر 12 مانگەکەی ئەم ساڵە."