ئیسرائیل کارەبای غەززەی بڕی
دوای ڕێگریکردن لە هاتنەناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، ئیسرائیل هەنگاوێکی دیکەی دژی کەرتەکە نا و کارەباکەی بڕی.
یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، ئێلی کۆهین، وەزیری وزەی ئیسرائیل لە ڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە ڕایگەیاند، بڕیارێکی ئیمزا کردووە و تێیدا هاتووە، پێویستە دەستبەجێ کارەبا لەسەر کەرتی ببڕدرێت.
هەروەها گوتیشی: هەموو کارتێکی فشار بەکاردەهێنین، بۆ ئەوەی بارمتەکانی ئازاد بکەین و دڵنیابینەوە کە چیتر حەماس لە غەززە نامێنێت
ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ڕەتی کردووەتەوە وادەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، ئەوا ڕێگە نادەن هیچ بارهەڵگرێکی هاوکارییە مرۆییەکان بچێتە غەززە.
چوارشەممە 5ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە بۆ کەرتی غەززە دەنێردرێن، حەماس دەستی بەسەردا دەگرێت و بۆ دروستکردنی پێویستی جەنگ بەکاری دەهێنێت.