سەرەڕای هەوڵەکانی ئاشتی، ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکتریان درۆنباران کرد

درەنگانی شەوی ڕابردوو ڕووسیا بە 126 درۆن و موشەک هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا. لەبەرانبەردا، ئۆکرانیا 337 درۆنی بەرەو  ڕووسیا  هاوێشتووە، ئەمەش لە کاتێکدا دانووستانەکان لە بارەی کۆتاییهێنانی شەڕ لە ئانوسات دایە. 

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا رایگەیاند، شەوی ڕابردوو ئۆکرانیا بە 337 درۆن هێرشی کردووەتە سەر رووسیا، کە 91ـیان  بۆ سەر مۆسکۆ بوونە و 126 درۆنی دیکە بۆ سەر هەرێمی کورسک بوون.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ ڕایگەیاند، زۆربەی درۆنەکان بەرپەچ درانەوە، هاوکات تاوەکوو ئیستاش سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان بۆ سەر شارەکە کارا کراون.

سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ گوتیشی: بەهۆی هێرشەکانەوە تاوەکوو ئێستا یەک کەس کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

بەهۆی هێرشەکەوە بەشێک لە هاووڵاتیانی مۆسکۆ لە یەکێک لە ژێرزەمینەکانی باشووری کرێملن خۆیان حەشار دابوو.

هەروەها هەموو گەشتەکانی هەر چوار فڕۆکەخانەکانی مۆسکۆ هەڵوەشێنرانەوە و فڕۆکەخانەکان داخران.

هەروەها گوتی: مۆسکۆ و ناوچەکانی دەوروبەری لانیکەم 21 ملیۆن کەسی تێدایە، کە یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی ئەورووپا.

ئەندری کۆڤالێنکۆ، بەرپرسی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئۆکرانیا کە بەرپرسە لە بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست، گوتی: گەورەترین هێرشی درۆنی لە مێژوودا بۆ سەر مۆسکۆ و ناوچەی مۆسکۆ کراوە.

 ئاماژەشی دا، ئەم هێرشە بۆ فشار خستنە سەر ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بۆئەوەی بە ئاگربەستەکە ڕازیبێت.

هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیاش دوای هێڕشەکانی مووشەکی و درۆنەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە دێت.

هێڕشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا

بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، هێزەکانی ڕووسیا بە مووشەکی بالیستیک و 126 درۆن هێرشی کردووتە سەر وڵاتەکایان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئۆکرانیا، هێرشەکە بووتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە دوو ناوچەی جیاواز و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوونە. 

بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاماژەشیان دا، مووشەکەکە و 79 درۆنیان خستووتە خوارەوە، هاوکات 35 درۆنی دیکە ئامانجەکەیان نە پێکاوە، بەڵام باسیان لە چارەنووسی 12 درۆنی دیکە نەکردووە.

هێزەکانی ڕووسیا هەوڵی گەمارۆدانی هەزاران سەربازی ئۆکراینی لە ناوچەی کورسکی ڕۆژئاوای ڕووسیا دەدەن.

دیمیتری پیسکۆڤ، ئیدانەی هێرشەکانی ئۆکرانیا دەکات

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبیژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ئیدانەی هێرشەکانی ئۆکرانیا دەکات و گوتی: هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەی سڤیل نشین بووە.

هەروەها ئاماژەشی دا، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە باشی کاری خۆی کردووە و درۆنەکانی خستووتە خوارەوە.

دیمیتری پیسکۆڤ، ڕاشیگەیاند بەهۆی هيڕشەکەوە دوو کەس کوژراون.

خەڵاتکردنی سەربازانی ڕووسیا

سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ڕووسیا، سەردانی سوپاکەی کردووە لە هەرێمی کورسک و سەربازەکانی خەڵات کردووە بەهۆی ئەو شەڕە لە ناوچەکە لە دژی ئۆکرانیان کردووە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕاشیگەیاندووە، سوپاکەیان لە هەرێمی کورسک سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەست هێناوە و پاشەکشەیان بە هێزەکانی ئۆکرانیا کردووە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاماژەشی داوە، لە هێرشێکدا 12 یەکەی نیشتەجێ بە نزیکەی 100 کیلۆمەتەر دووجایان کۆنترۆڵ کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆبوونەوەی شاندی ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە سعوودییە لەبارەی کۆتایی هێنان بە شەڕ و ڕیککەوتناممەی کانزایی دەستی پێ کردووە.