نەوزاد شێخ کامیل: هێشتا خەڵکێک هەیە بازاڕ و مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەقۆزێتەوە

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لێژنەکانی چاودێری لە مانگی ڕەمەزان، بە بەردەوامی چاودێری بازاڕەکانی کوردستان دەکەن، دەشڵێت: هێشتا خەڵکێک هەیە بازاڕ و مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەقۆزێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: تا ئێستا زیاتر لە 200 ملیۆن پێبژاردن بەو بازرگان و خاوەن مۆڵانە کراوە کە سەرپێچی ڕێنماییەکانی بازرگانیان کردووە، زیاتر لە 30 شوێنیش بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون، سەرباری ئەوەی زیاتر لە 500 سەرپێچیش تۆمارکراون.
نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرای کرد، لێژنەکان زیاد لە 20 هەزار سەردانیان هەبووە بۆ شوێنە بازرگانییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا، دەڵێت: هێشتا خەڵکێک هەیە بازاڕ و مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەقۆزێتەوە، بەتایبەت کە خواست لەسەر کاڵایەک بەرزدەبێتەوە، هەوڵ دەدەن کاڵا خراپەکان تێکەڵ بە کاڵا باشەکان بکەن و بیفرۆشن.