ئیمامئۆغڵو داوای بایکۆتکردنی براند و کەناڵەکانی نزیک لە دەسەڵات دەکات

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو پاڵپشتیی لە بڕیاری بایکۆتکردنی براند و کەناڵەکانی نزیک لە دەسەڵات دەکات.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی بەندکراوی ئیستانبوڵ، لە نوێترین پەیامیدا، پاڵپشتیی خۆی بۆ بڕیاری بایکۆتکردنی ئەو براند و کەناڵە تەلەڤزیۆنییانەی سەر بە دەسەڵات دەربڕی، کە لەلایەن سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـەوە دراوە.
لە پەیامەکەدا، ئیمامئۆغڵو بـــاسی لــــەوە کردووە، ئامانجی بایکۆت، لەناوبردنی کەرتەکانی ڕاگەیاندن و کار نییە، بەڵکوو دەیانەوێت ئەو دوو کەرتە لە کۆتوبەندی دەسەڵات ڕزگار بکەن. هاوکات داوایشی لە خەڵک کردووە، بەدەم بایکۆی حیزبەکەیەوە بچن.
بڕیاری بایکۆتکردنی براند و کەناڵەکانی نزیک لە دەسەڵات، چەند ڕۆژێک دوای بەندکردنی ئیمامئۆغڵو لەلایەن ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەوە درابوو.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 23-03-2025، دەیەمین دادگەی تاوانەکانی ئیستانبوڵ لە چاغڵایان، بە تۆمەتەکانی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی تاوان، بەرتیلدان و وەرگرتن، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان و گەندەڵی دارایی، بڕیاری بەندکردنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ دەرکرد.