سوپای عەرەبیی سووریا تۆپبارانی زیندانی ئەقتان و فیرقەی 17ـی هەسەدەی کرد
روانگەی سووری بڵاویکردەوە، هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، بە تۆپ و تانکی قورس زیندانی ئەقتانیان لە باکووری ڕەققە تۆپباران کرد، کە ئەندامانی رێکخراوی داعشی تێدایە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، رایگەیاند، هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا زیندانی ئەقتان و بارەگای فیرقەی 17ـی هێزەکانی سووریای دیموکراتی لە باکووری رەققە تۆپ باران کردووە.
سەرچاوەکانی روانگە ئاشکرایانکردووە، بۆردومانەکە ڕاستەوخۆ کراوەتە سەر زیندانەکە و درۆنیش بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە، هەروەها هێزە ئەمنییە کوردیەکانیش لە ئامادەباشییەکی تەواودان لە دەوروبەری زیندانەکان و ناوەندە ئەمنییەکان خۆیان بۆ هەر جۆرە کاردانەوەیەک ئامادە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ژمارەی وردی قوربانییەکان و زیانە ماددییەکان بەهۆی بۆردومانەکەوە نادیارە، سوپای هەسەدە بەردەوامە لە پتەوکردنی پێگەکانی و ئاسایشی زیندانەکە کە ئەندامانی داعشی تێدایە، لە کاتێکدا پەرەسەندنی سەربازی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ڕەقە بەردەوامە.
پێشتر ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەواڵی پێکدادانی قورسی لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا لە دەوروبەری شارۆچکەی جەلەبیە و لە نێوان لادێکانی گرێسپی و لادێکانی کۆبانێ ڕاگەیاندبوو.