ئەمڕۆ بەشێکی هاووڵاتییانی تورکیا بایکۆتی بازاڕ دەکەن
                        بە مەبەستی پشتیوانیی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، ئەمڕۆ لە تورکیا بایکۆتی بازاڕکردن بەڕێوە دەچێت. وەزیری ناوخۆش دەڵێت: بانگەوازی بایکۆت، هەوڵی کودەتایە لە دژی ئابووریی وڵاتەکەمان.
دوای زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ، زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆ بڕیاری بایکۆتی خوێندییان دا و لەم نوێندەدا چەندین قوتابی دەستگیر کران.
لە دوای ئەم ڕووداوانە، گەنجان و خوێندکارانی زانکۆ لە تورکیا، بڕیاریان دا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 02-04-2025، وەک بایکۆتی سەرتاسەری دیاری بکەن و لەم ڕۆژەدا هیچ جۆرە بازاڕکردنێک نەکەن.
بڕیارەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە پشتیوانیی خۆی بۆ بایکۆت دووپات کردەوە و بە "مافێکی دیموکراسی" ناوی برد. عەلی یەریلکەیاش، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە "بانگەوازی بایکۆت، تێکدانی سەربەخۆیی ئابووریمانە و هەوڵی کودەتایە لە دژی ئابووریی تورکیا."
هـــەر لەو بارەوە، یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، بانگەوازی بایکۆتی نایاسایی قبووڵ ناکرێت و داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ لێکۆڵینەوەی لەم بارەیەوە دەست پێ کردووە.
عومەر پۆلات، وەزیری بازرگانیی تورکیاش لە دژی بانگەوازی بایکۆت، داوای لە خەڵک کردووە، لە 2ی نیسان بچنە بازاڕ. گوتیشی: "ئەوانەی بەهۆی بڕیاری بایکۆتەوە زیانی ئابوورییان پێ دەگات، دەتوانن داوای یاسایی تۆمار بکەن."
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتیش گوتی: "ئێستە جەهەپە ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی تەواوەتییە بۆ سەر تورکیا. ئەو چالاکییانەی ئۆزگور ئۆزەل بەڕێوەیان دەبات، زیان بە خۆی دەگەیەنێت و هاووڵاتییانی بایکۆتی ئەم سیاسەتە ساختە و سیاسەتمەدارە شەڕانگێزە دەکەن."
لە لایەکی دیکەوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا (مەهەپە) ڕایگەیاندووە "ئەم بانگەوازانەی جەهەپە ئاماژەن بۆ ئەوەی تورکیا دەخرێتە ناو پرۆسەیەکی زۆر مەترسیدارەوە. بانگەوازەکان، دوورە لە ئەخڵاقی سیاسی و هەڕەشە لە ئارامی کۆمەڵگە و دیموکراسی دەکات."
