گوتەبێژی دەستەی ژینگە: دەبێت هەمووان دوای بانگەشە پۆستەر و فلێکسەکانیان هەڵگرنەوە
                        گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: پاش کۆتایی هاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن، چاودێریی تەواوی پاککردنەوەی ژینگەی دوای بانگەشەکە و لابردنی سەرجەم فلێکس و پۆستەرەکان دەکەین.
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەرکی کۆمسیۆن و شارەوانییەکانە چاودێری لابردنی کەرەستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، چونکە کۆکردنەوەی ئەو پاشماوانە تێچووی زۆر لەسەر حکوومەت دروست دەکات.
دەڵێت: دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا تەواوی ئەم پاشماوانەی بانگەشەی هەڵبژاردن لاببرێن.
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: نووسراومان بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە ڕەچاوی ژینگە بکرێت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، بەتایبەت لە دانەنانی پۆستەر لەسەر دارودرەختەکاندا و بەکارهێنانی کەژاوەی ئۆتۆمبێل کەزیانی بۆ پیسبوونی ژینگە هەیە.
