کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات

 کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی دابەشکردنی پۆستە حکوومەتییەکانی کابینەی دەیەم، کۆتایی هات.  

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، کۆتایی هات.  

کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10:10 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 15-04-2025، دەستی پێ کرد و کاتژمێر 11:45 خولەکی پێشنیوەڕۆ کۆتایی هات، واتا نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاندووە. پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دابەشکردنی پۆستە حکوومەتییەکان کراوە. 

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی داواکارییەکانی خۆیان لەبارەی پۆستە حکوومەییەکان خستووەتە ڕوو و چاوەڕێ دەکرێت دوو سێ کۆبوونەوەی دیکە بۆ ئەم مەبەستە بکرێت.

 

ئەندامانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان:

1. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

2. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

3. دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی. 

4. ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.

 

ئەندامانی شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

1.  قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال.

2.  ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پشکی یەکێتی.

3.  دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. 

4. نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

5. ڕێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

6. شاڵاو سەلاح شێخ شەرەف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.

لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک کورسیی بەدەست ھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێک ھێنا.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێک ھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ یەکێتیی بوو، ھەروەھا 9 وەزارەت بۆ پارتی، پێنج وەزارەت بۆ یەکێتی و چوار وەزارەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بوو.