ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت ڕێگە بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە بدەن

کەرتی غەززە
کەرتی غەززە

ماڵپەڕی ئێکسیۆس لە بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمەریکاوە گواستوویانەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، هاوتا لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە نوێکان، لە ڕێککەوتنێک نزیک بوونەتەوە بۆ دەستکردنەوە بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە، بێ ئەوەی بزووتنەوەی حەماس دەستی پێ بگات.

دوای شکاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بەر لە دوو مانگ، هەموو هاوکارییە مرۆییەکان لە خۆراک و ئاو و دەرمان و پێویستی پزیشکی لە کەرتی غەززە بڕان، ئەمەش وای کرد ئالەنگارییەکی گەورەیی مرۆیی لە کەرتەکە دروست بێت.

ئاژانسەکانی هاوکارییە مرۆییەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هاوکارییە مرۆییەکان چەند ڕۆژێکی دیکە دەگەنە غەززە، بەرپسانی ئیسرائیلیش ڕایدەگەیەنن، ئەو ڕێککەوتنە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی کەرتی غەززە جێبەجێ دەکەن بۆ ماوەی سێ تاکوو چوار هەفتە بەسەر یەکەوە.

لەوەتەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیان پێکردووەتەوە، هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی ئەو کەرتە جارێکی دیکە ئاوارەبوونەوە و دۆخێکی سەختی مرۆیی باڵی کێشاوە بەسەر ناوچەکە.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، فشاری لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ کردووە، ڕێگە بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و تەندروستییەکان و دەرمان بدات بۆ گەیشتن بە کەرتی غەززە.

بەرپرسانی ئیسرائیلیش ئاماژەیان بەوە کردبوو، لەماوەی ڕابردوودا، ئەو هاوکارییانەی بۆ غەززە نێردراون، کەوتوونەتە دەستی بزووتنەوەی حەماس.