گەنجێکی کورد کچێکی ئەڵمانی لە دەست تاوانبارێک رزگار دەکات
نەیهێشتووە کچەکە دەستدرێژی سێکسی بکرێتە سەر
K24- ئەڵمانیا:
گەنجێکی کورد بە ناوی فەنەر عومەر لە شاری ڤوبرتالی ئەڵمانیا کچێک لە دەستی تاوانبارێک رزگار دەکات و رێگا نادات دەستدرێژی سێکسی بکرێتە سەر.
لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24، فەنەر کە ئێستا وەکو پاڵەوانێکی کورد لە میدیاکانی ئەڵمانیا باس دەکرێت، گووتی، کاتژمێر 3:30 بەیانی لە ئۆتۆمبێلەکەمدا بووم کاتێک بینیم کوڕێک کچێکی بۆ ناو پارکێک رفاند.
لە درێژەی قسەکانی رایگەیاند، منیش چوومە ناو پارکەکە بینم کوڕەکە دەیەوێت دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر کچەکە، رووبەڕووی بوومەوە و دەستبەسەرم کرد و دواتر پۆلیس هاتنە شوێنی رووداوەکە و تاوانبارەکەیان برد.
کچەکە ئەڵمانیە و فێرخوازی ئەکادیمیای پۆلیس بووە، ئەمەش زیاتر ناودەنگی فەنەری لە ئەڵمانیا بڵاوکردەوە.
تاوانی دەستدرێژی سێکسی لە ئەڵمانیا بە بەروارد بە وڵاتانی دیکە کەمە، بۆ هەر 100 هەزار کەسێک، 9 کەس دەستدرێژی سێکسی لە ئەڵمانیا کراوەتە سەر، زۆرینەی قوربانیانیش کچن.