چین بۆ یەکێتیی ئەورووپا: هەماهەنگیمان گرنگترە لە ململانێ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ دەستپێکردنەوە و بەهێزکردنی بازرگانی نێوانیان کۆ دەبنەوە.

سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025, لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، بۆ کۆبوونەوەی گەڕێکی نوێی نێوان ئەورووپا و چین، پێشوازیی لەئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا و ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سه‌رۆكى كۆمسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا دەکەن.

هەروەها ئاماژەشی داوە، شاندی چین و ئەورووپا لەسەر ئاستی باڵا لە سەر پرسی ستراتیجی، ئابووری و بازرگانی نێوانیان کۆ دەبنەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بە کاتی دیاریکراوی کۆبوونەوەکەیان نەکردووە.

هاوکات ڕاشیگەیاندووە، چین بە پەرۆشە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەورووپا کار بکاتەوە و پەیوەندی و هەماهەنگییەکانیان بەهێزتر بکات و تێڕوانینە جیاوازییەکانمان چارە بکەین.

لەوبارەیەوە گوتیشی: هەماهەنگیمان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لە ململانێی نێوانمان گرنگترە.

باسی لەوەش کرد، لەگەڵ پەرلەمانی ئەورووپا بڕیاریان داوە سنوورەکانی نێوانیان هەڵبگرن و ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی گشتگیر دەست پێ بکەن.

لە بارەی شەڕی غەززە و ئیسرائیل، گوتی: چین نیگەرانە لەو بارودۆخەی هاووڵاتیانی فەڵەستین تێیدا دەژین. ئێمە دژی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلین بۆ سەر کەرتی غەززە و داواش لە هەموو لایەک دەکەین پابەندی ئاگربەست بن.