مەزڵوم عەبدی: سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووریا دەکەین

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لە پەیامێکی ئێکسدا، سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات بۆ بڕیاری لادانی سزاکانی سەر سووریا.

سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە پەیامێکی ئێکسدا نووسیوویەتی: سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ دەکەین بەرانبەر بڕیاری هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەکانی سەر سووریا کە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سووریا دەبێت.

مەزڵوم عەبدی دەڵێت: هیواخوازین ئەو هەنگاوە پشتیوانی سەقامگیریی و دووبارە بونیاتنانەوە بکات، کە ئایندەیەکی گەشتر بۆ تەواوی سوورییەکان بەدی دێنێت و سووریا هەمیشە شایەنی باشترینە.

ئەمڕۆ سێشەمە 13ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعوودی و ئەمەریکی لەڕیازی پایتەختی سعوودیە ڕایگەیاند:  لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان، سزاکان لەسەر سووریا هەڵدەگرین و دەرفەتێکی نوێی پێدەدەین.