عه‌لی خامنه‌یی: لام وا نییە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا هیچ ئەنجامێکیان هەبێت

ڕێبه‌ری كۆماریی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، لام وا نییە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا هیچ ئەنجامێکی هەبێت، گوتیشی، ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم مۆڵەت لە کەس وەرناگرێت.

عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری كۆماریی ئیسلامیی ئێران لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی پێشووی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسویەتی "ڕەئیسی کەسێکی ڕاستگۆ و ڕاشکاو بوو، لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ڕاشکاوانە گوتبووی ڕێگە نادەن دوژمن بە هەڕەشە و فریودان ئێران بکێشێتە سەر مێزی گفتوگۆ."

ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاشیگەیاند "ئێستا هەندێک لایەن پێداگرن بۆ بەردەوامیی دانوستانەکان، چونکە ڕەئیسی ڕێگەی نەدەدا ئەو دانوستانانە بکرێن." ئاماژەشی دا "لە سەردەمی ئەویشدا دانوستانی ناراستەوخۆمان هەبوو، بەڵام بێئەنجام بوون، ئێستاش باوەڕناکەم بە ئەنجام بگات و نازانم چی دەبێت."

عەلی خامنەیی هۆشداریشی دایە ئەمەریکا و گوتی: هەوڵ بدەن قسەی بێمانا مەکەن، هەڵەیەکی گەورە دەکەن ئەگەر بڵێن ئێمە ڕێگە نادەین ئێران یۆرانیۆم بپیتێنێت، چونکە ئێران چاوەڕێی مۆڵەتی کەس ناکات.

جەختیشی کردەوە کۆماری ئیسلامی سیاسەت و بنەمای خۆی هەیە و سیاسەتی خۆی پەیڕەو دەکات.

ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەشی دا، لە بۆنەیەکی دیکەدا باسی پیتاندن یۆرانیۆم و هۆی ئەوەی لایەنە ڕۆژئاوایی و ئەمریکییەکان و ئەوانی دیکە ئەوەندە پێداگرن کە نابێ لە ئێراندا پیتاندن هەبێت، بۆ هاووڵاتییان ڕوون دەکەمەوە.

هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بارەی گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بە ئاژانسی هەواڵی ئێرانی ڕاگەیاند، تاوەکوو ئێستا بڕیار لەسەر کاتی بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتوو لەگەڵ واشنتن نەدراوە.

گوتیشی: ئێران پێداچوونەوە بە بابەتەکە دەکات، بەتایبەت زوو گۆڕینی هەڵوێستی ئەمەریکا لەو بارەیەوە.