ڕامی عەبدولڕەحمان: کوشتن و لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی خەڵک لە سووریا بەردەوامە

ڕامی عەبدولڕەحمان
ڕامی عەبدولڕەحمان

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، کوشتن و لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی خەڵک لە سووریا زیادیان کردووە، بەشێوەیەک دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد تاکو ئێستا 7 هەزار و 670 کەس لە سووریا کوژراون کە زیاتر لە 5 هەزار کەس لەوان خەڵکی سڤیل بوون، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، پرۆسەی گرتن و کوشتن و لەسێدارەدان نەوەستاوە و هەر بەردەوامە.

یەکشەممە 8ـی حوزەیرانی 2025، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بۆ کوردستان24 پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئاماری کوشتن لە سووریا بەرزبووەتەوە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بەشێوەیەک تا ئێستا 7 هەزار و 670 کەس لە سووریا کوژراون کە زیاتر لە 5 هەزار کەس لەوان خەڵکی سڤیل بوون، دەڵێت: لە مانگی ئاداری ڕابردوو، زیاتر لە هەزار و 600  کەس بەشێوەی مەیدانی و بەبەرچاوی خەڵک لە سێدارە دراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەدا، ئەو تاوانانە لە ئەستۆی وەزارەتی بەرگریی سووریایە، لە ئەستۆی ئەبو عەمشە و ئەبو بەکر و سوڵتان مورادە کە ناویان لە لیستی تیرۆر دایە، ئێستا ئەوان لەنێو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی سووریادان، نەدەبوو چەک لە دەستی ئەواندا بێت، دەڵێت: ئەوان دەستییان لە کوشتنی خەڵکی سڤیلدا هەبووە کە خۆیان وێنە و ڤیدیۆی خۆیان لە سۆشیال میدیا بڵاو کردەوەتەوە کاتێک خەڵکی سڤیل دەکوژن، پێویستە حکوومەتی سووریا ئاشکرای بکات، ئەو کەسانە سەر بە حکوومەتی سووریان، یاخود گرووپێکن لە دەرەوەی یاسادان، ڕامی ئاشکراشی دەکات، ئەگەر ئەمەریکا پشتیوانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی نەکردبا، دەمانبینی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەو گرووپانە هەمان کوشتن و بڕینیان دژ بە کورد دەکرد، گوتی: عەلەوی بوونە قوربانیی نەبوونی پشتیوانی، کە درووزەکان بەرانبەر دەسەڵاتی نوێی سووریا وەستانەوە، ئیسرائیل پشتیوانیانی لێکردن، بۆیە نەیانتووانی کوشتن بەرانبەر ئەوان بەردەوامیی پێ بدەن.

لەبارەی هەڵوێستی نێودەوڵەتیش، ڕامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: ئەو کۆمیتەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی بەکۆمەڵی عەلەوییەکان پێکهات کە ئەبو عەمشە و ئەبو بەکر سەرکردایەتییان دەکرد، بەرپرسیارەتی کۆمەڵکوژییەکە دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتی نوێی سووریا کە زیاتر لە هەزار و 700 هاووڵاتی سڤیل تێیدا بوونە قوربانیی، ناکرێ لەو بارودۆخەدا یەکێتی ئەوروپا هاووڵاتییانی سووری بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەیان لە کاتێکدا بارودۆخی وڵاتەکە بەو شێوەیە بێت.

ڕامی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش دا، بارودۆخەکە بەو شێوە خراپە دەمێنێتەوە، چونکە وڵاتانی عەرەبی پشتیوانیی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکەن، هاوکات ئەمەریکا پشتیوانیی دەکات، بەڵام ئەو دەسەڵاتە ئەگەر بەردەوامبێت لەسەر ئەو سیاسەتەی، شکست دێنێت، ئەوانەی لەنێو دەسەڵاتی نوێی سووریا دەیانەوێت کۆتایی بە سیاسەتی کوشتن و لە سێدارەدان بێت ژمارەیان زۆر کەمە، ناتوانن بارودۆخەکە بگۆڕن.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و دەسەڵاتی نوێی سووریا، ڕامی عەبدولڕەحمان گوتی: هەرچەند شەڕ لەنێوانیان نەبووە، بەڵام پرۆپاگەندەی میدیایی هەیە کە دەسەڵاتی نوێی سووریا مەبەستی هەیە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەرچەند ڕێککەوتن لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کراوە، لە ڕێککەوتنەکەش مەرجی داننان بە مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا هەیە، عەرەبەکانی سووریاش پێیان وایە کوردانی ڕەسەنی سووریا میوانن لەسەر خاکی ڕەسەنی خۆیان، بۆیە دەبێت ئەو عەقڵییەتە لەنێو سووریادا نەمێنێت، نابێت گوتاری ڕک و کینە لەنێو خەڵکی سووریادا بمێنێت، چونکە کورد نەتەوەیەکی ڕەسەنی سووریایە.

لە ڕووخانی بەشار ئەسەدەوە تا ئێستا، هەر مانگێک، زیاتر لە هەزار و 100 هاووڵاتیی لە سووریا کوژراون، کوردیش ئێستا ڕووبەڕووی هەڕەشەی جددی بووەتەوە لە سووریا، ئەگەر ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیی دژی داعش پشتیوانیی نەکەن، دووچار کوشتنی بەکۆمەڵ دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەی لایەنە کوردییەکان بە هاوبەشی لە گفتوهۆکان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامن، بۆ ئەوەی بتوانن وڵاتەکە لە شەڕ و ئاڵۆزیی دوور بخەنەوە و بەشداریش بن لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا کە مافی تەواوی پێکاتە و نەتەوە جیاوازەکانی تێدا مسۆگەر و فەراهەم بکرێت.