پێنتاگۆن: بەرنامە ئەتۆمیی ئێرانمان بۆ نزیک دوو ساڵ دوا خست

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و ئیسفەهان بەتەواوی لەناوچوون و بەرنامە ئەتۆمیی وڵاتەکەیان نزیک دوو ساڵ دوا خستووە.
چوارشەممە 2ـی تەممووزی 2025، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بۆردوومانەکانی ئەمەریکا توانای ئێرانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەناو برد، هاوکات دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و ئیسفەهانیش بەتەواوی لەناوچوون.
ئاماژەشی دا، بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ساڵێک بۆ دوو ساڵ دواکەوتووە. گوتیشی: بۆ پاراستنی تواناکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵپشتیی لە ئاشتی دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تۆڕی هەواڵی 'سی بی ئیس' ی ڕاگەیاندبوو، حکوومەتی ئێران بەرنامەکانی خۆی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاناگرێت، بەڵام هیچ نیازێکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی نییە. دەشزانین ئامانجی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە.
دەربارەی ئەو زیانانەی بەر پێگەی ئەتۆمیی فۆردۆ گەیشتوون، گوتی: هیچ کەسێک زانیاریی ورد و ڕاستی لەو بارەیەوە نییە و نازانرێ لە فۆردۆ چی ڕووی داوە، بەڵام من تەنیا ئەوەندە دەزانم زیانی زۆر و جیددی بەرکەوتووە.