یەکێتیی جیهانیی پۆستە: 88 کۆمپانیای پۆستە خزمەتگوزارییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا ڕاگرتووە

بەڕێوەبەری گشتیی یەکێتیی جیهانیی پۆستە (UPU) ڕایگەیاند، ناردنی پۆستە بۆ ئەمەریکا بە ڕێژەی زیاتر لە 80% دابەزیوە، هاوکات 88 کۆمپانیای پۆستە لە سەرانسەری جیهان خزمەتگوزارییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاگرتووە، ئەمەش دوای بڕیاری ئیدارەی ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی بەسەر پۆستەکان دێت.

شەممە 6ـی ئەیلوولی 2025، ماساهیکۆ مێتۆکی، بەڕێوەبەری گشتیی یەکێتیی جیهانیی پۆستە (UPU) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، "UPU کار لەسەر دۆزینەوەی تەکنیکێک دەکات بۆ ئەوەی ناردنی پۆستە بۆ ئەمەریکا دەستپێ بکاتەوە و پرۆسەکە خێراتر بکرێت.

باسی لەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر وڵاتان، لە وانەش ئوسترالیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، ئیتاڵیا و ژاپۆن، خزمەتگوزارییەکانی پۆستە لەگەڵ ئەمەریکا ڕابگرن و چیتر پاکێج ئاراستەی ئەمەریکا نەکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، داتاکانی ئاڵوگۆڕکراو لە نێوان کۆمپانیاکانی پۆستەدا لە ڕێگەی تۆڕە ئەلیکترۆنییەکەیەوە دەریدەخەن کە لە 29ـی ئابدا ناردنی پۆستە بۆ ئەمەریکا بە بەراورد بە هەفتەیەک پێشتر بە ڕێژەی 81% کەمی کردووە.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، "88 کۆمپانیای پۆستە بە UPUـیان ڕاگەیاندووە کە بەشێک یان هەموو خزمەتگوزارییە پۆستەییەکانیان بۆ ئەمەریکا ڕاگرتووە تا وەکوو ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت." لەنێو ئەو کۆمپانیایانەدا دۆیچە پۆستی ئەڵمانیا، ڕۆیاڵ مەیڵی بەریتانیا و دوو کۆمپانیای پۆستە لە بۆسنە هەن.

یەکێتیی جیهانیی پۆستە (UPU) لە ساڵی 1874 دامەزراوە و بارەگاکەی لە بێرنی پایتەختی سویسرایە و 192 وڵات ئەندامی تێدایە. ئەم یەکێتییە یاساکانی ئاڵوگۆڕی پۆستەی نێودەوڵەتی دادەنێت و پێشنیاز بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش دەکات.

لە کۆتایی مانگی تەممووزدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، لە 29ی ئابەوە باج لەسەر پاکێجە بچووکانەی کە دەنێردرێنە ئەمەریکا دەسەپێنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment