ڕەزا نەجەفی: هەینیی داهاتوو ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆدەبنەوە

بەگوێرەی لێدوانەکانی نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤییەنا، بڕیارە لە هەینی داهاتوو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و بەرپرسانی ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران بۆ جاری سێیەم کۆببنەوە.

شەممە 6ـی ئەیلوولی 2025، ڕەزا نەجەفی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤییەنا، ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی 12ی ئەیلوولی 2025، بەرپرسانی وڵاتەکەی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە پایتەختی نەمسا گفتوگۆ بۆ دیاریکردنی "شێوازێکی نوێی هاوکاری" لەنێوانیان دەکەن. نەجەفی ئاماژەی بەوە داوە، شاندی هەر دوو لا لەسەر ئاستی پسپۆڕانی تەکنیکی دەبێت

پێشتر، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاندبوو، تاوەکوو ئێستا دوو کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە و سێیەمیش لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوە دەچێت، ڕەخنەی لە ئاژانسەکەش گرت کە لەژێر کاریگەریی وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوادا کار دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیار وایە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کۆببنەوە و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سەرەکیترین تەوەری کۆبوونەوەکانی دەبێت.

پێنجشەممە 28ی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، میکانیزمی سناپ باکیان لە دژی ئێران چالاک کرد.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، هەر سێ وڵاتەکە داوا لە ئێران دەکەن، لە ماوەی 30 ڕۆژ پابەندبوونی خۆی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی پیشان بدات.

هەماهەنگییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئێران

ڕۆژی چوارشەممە، 25ی حوزەیرانی 2025، دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەرلەمانی وڵاتەکە بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.

هەروەها پێشتر ڕۆژنامەی 'کەیهان'ی نزیک لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کردبوو و داوای دەستگیرکردن و دادگاییکردنی کردبوو.

چوارشەممەی ڕابردوو 27ی ئابی 2025، ڕافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی 'فۆکس نیوز'ی ئەمەریکی ڕایگەیاند، یەکەم تیمی پشکنینیان گەیشتوونەتە ئێران بۆ سەردانیکردنی وێستگە ئەتۆمییەکان، ئەمەش دوای شەڕی 12 ڕۆژە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment