ریال مەدرید لە فرۆشتنی خامێس هیچی دەست نەکەتووە

خامێس رۆدریگێز، ناوەڕاستکاری کۆڵۆمبی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا چەند رۆژێک لەمەوبەر پەیوەندی بە یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی کرد و دەگوترێت کە ئەم گواستنەوەیە خۆرایی بووە.

 سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر راگەیێندراوە گواستنەوەی یاریزانە کۆڵۆمبیەکە بۆ یانەکەی شاری لیڤەرپوول بەرامبەر 25 ملیۆن پاوەند بووە، بەڵام ماڵپەری "Fichajes.com" ئاشکرای کردووە ئەو گواستنەوەیە بێ بەرامبەر بووە و یانە ئینگلیزیەکە هیچ پارەیەکی بۆ بەدەست هێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە خەرج نەکردووە، تەنها ئەوە نەبێت کە هەردوولا لەسەر ئەوە رێکەوتوون ئەگەر هاتوو ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەی توانی نازناوەکان بەدەست بێنێت، ئەو کات شاهانەکان سوودمەند دەبن.

ریال مەدرید بە هۆی موچە زۆرەکەی خامێس رۆدریگێز ماوەیەکە هەوڵ دەدات دەستبەرداری ئەو یاریزانە بێت و لە کۆتاییدا یاریزانەکە بۆ ریزەکانی یانەی ئێڤەرتۆن گواسترایەوە.