دەستەیەكی ناوبژیوانی مۆندیالی یارییەكانی زاخۆ و دهۆك بەڕێوە دەبەن
ستافێكی ناوبژیوانی نێودەوڵەتیش ژووری ڤار بەڕێوە دەبەن
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، دەستەیەكی ناوبژیوانی ئاسیایی یارییەكانی قۆناغی پێشكۆتایی جامی عێراق بەڕێوە دەبەن.
سەرچاوەیەك لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە كوردستان24ـی راگەیاندووە دوو دەستەی ناوبژیوانی كە بەربژێرن بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكانی مۆندیالی 2026 بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكانی قۆناغی پێشكۆتایی جامی عێراق دەستنیشان كراون، ئەو دوو دەستەیە چەندان یارییان لەم وەرزە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا و لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال بەڕێوە بردووە.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، ئەدهەم مەخادیمەی ئوردنی تەمەن 38 ساڵ وەكو ناوبژیوانی ناوەراست هاوشانی ستافێكی وڵاتەكەی بۆ بەڕێوەبردنی یەكێك لە یارییەكانی پێشكۆتایی جامی عێراق دیاری كراوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، دەستەیەكی ناوبژیوانی عومانی بە سەركردایەتی ناوبژیوانی ناوەراست ئەحمەد ئەلكاف راسپێردراوە بۆ ئەوەی یارییەكانی ئەم قۆناغەی جامی عێراق بەڕێوە ببات.
هەمان سەرچاوە بە كوردستان24ـی راگەیاندووە، ستافێكی ناوبژیوانانی ئیماراتی، ژووری ڤاری هەردوو یارییەكەی جامی دهۆك و زاخۆ بەڕێوە دەبەن.
لە قۆناغی پێشكۆتایی جامی عێراق، رۆژی شەممەی داهاتوو یانەی زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی شورتەی پاڵەوانی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەكات، لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی دهۆك لەبەردەم هاندەرانی بەرەنگاری قوە جەوییە دەبێتەوە، هەردوو یارییەكەش لە كاتژمێر 08:00ـی ئێوارە بەكاتی هەولێر بەڕێوە دەچن، بڕیاریشە یاریی كۆتایی رۆژی 16ـی ئەم مانگە لە یاریگەی شەعب لە بەغدا بكرێت.