ئەمڕۆ پرۆسەی مێژوویی چەکدانانی پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت
ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) ئەمڕۆ هەینی لە دەڤەری ڕاپەڕین وەک نیازپاکیی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا،دوای 41 ساڵ خەباتی چەکداری و کوژرانی زیاتر لە 40 هەزار کەس لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، چەک دادەنێن، بڕیارە کاتژمێر 11ـی بەیانیی ڕێوەڕەسمەکە بە ئامادەبوونی سیاسییەکانی باشوور و باکووری کوردستان و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆ و عەرەبی و جیهان،بەڕێوەبچێت.
ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەری ڕاپەرێن و لەنێو هۆتێلی ئاشوور لە هاوینەهەواری دوکان کە کۆما جڤاکێن کوردستان بۆ ڕۆژنامەنووسان دیارییان کردووە، ئاشکرای کرد، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، جەگەلە پارتە سیاسییەکانی باکووری کوردستان، بانگهێشتی چەند لایەنێکی سیاسیی لە باشووری کوردستانیش کراوە بۆ ئامادەبوون لە ڕێوەڕەسمەکە، لەوانەش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە و پارێزگاری سلێمانی، هاوکات شاندی حکوومەتی عێراقیش بەشداریی دەکات، لەنێویاندا قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کە بەشێکن لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا.
پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بوو لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ کە تێیدا داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنن لە تورکیا و رێگەی دیموکراتی بگرنەبەر لە تورکیای نوێدا.
پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەری ڕاپەرێن دەڵێت: پەکەکە داوای لە پیاو ماقەڵان و کەسایەتییەکانی گوندەکانی دەورووبەری قەندیلیش کردووە بەشداریی پرۆسەکە بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە ئەمڕۆ 33 بۆ 44 ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان وەک نیاز پاکیی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا چەکەکانیان دابنێن، یاخود لەناو ببەن، شاندێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە باکووری کوردستان ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن, پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای دەکات، بەئەگەرێکی زۆرەوە پەکەکە چەک دانانی گروپێکی چەکدارەکانی لە ئیدارەی ڕاپەڕینەوە بۆ گوندی جاسەنە و بە دیاریکراوی لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنوری سورداش للە سنوری قەزای دوکان گۆڕیووە و ئەمڕۆ پرۆسەکە لەوێ بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە سەرخستنی پرۆسەکە، لەیلا زانا، سیاستمەداری کورد دەڵێت: هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە چارەسەرکردنی پرۆسەی ئاشتی و هیوادارین کوردستان ببێتە نموونەیەکی جوان بۆ هەموو جیهان.
لەیلا زانا، سیاستمەداری کوردی باکووری کوردستان، دوێنێ پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: حەوت ساڵە نەهاتوومەتە هەرێمی کوردستان و بیری کوردستانم کردبوو. ڕاشیگەیاند: هیوادارین کوردستان ببێتە نموونەیەکی جوان بۆ هەموو جیهان، واز لە زمانی زبر و یەکتر شکاندن بهێنین.
لەیلا زانا گوتی: هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە بەرەوپێشچوونی پێڤاژووی ئاشتی، لە ساڵی 2013، سەرۆک بارزانی دەستپێشخەری کرد.
لەیلا زانا باسی لەوە کرد، دووساڵ زیاترە هەرێمی کوردستان بەشێوەی دیپلۆماسی ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و بەردەوامیشە، دەمانەوێت بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکەین کە کورد لایەنی ئاشتی و سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە.
باس لەوە کرد، سیاسەتی تێکۆشانمان گۆڕی لە هەموووی گرنگتر توانیمان ئەو تێگەیشتنە بگۆڕین کە دەیانگوت، کورد بوونی نییە.