نەتەوە یەکگرتووەکان چەند مەرجێکی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق هەیە

یەکێکیان "وەرگرتنەوەی چەکی نایاسايی و کۆنترۆڵکردنی گرووپە ملیشیا سەربازییەکانە"

 

K24 - هەولێر

لەدوای کۆبوونەوەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بووەوە بابەتێکی گەرمی شەقامی عێراقی. نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، چەند مەرجێکی هەیە، کە یەکێکیان وەرگرتنەوەی چەکی نایاسايی و کۆنترۆڵکردنی گرووپە ملیشیا سەربازییەکانە.

محەمەد سابیر، پسپۆڕی سەربازی دەڵێ حکومەتی عێراق لەبەر چەند هۆکارێك ناتوانێت ئەم مەرجەی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکات "تائێستا ئەو نییەتە دروست نەبووە و بەو ماوە کەمەش ناکرێت، لەبەرئەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە وا دروست بوون، عێراق تێکبدەن و زیاتر کاریان بۆ ئەجێندای دەرەکییە، بڕواناکەم ئەو گرووپانە جارێکی دیکە بخزێنە ناو سوپای عێراق".

عێراق لە دۆخێکی سیاسیی سەختدایە، بۆ دەربازبوون لەم دۆخەش رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی گرتووەتەبەر. شارەزایەکی بواری هەڵبژاردنيش دەڵێت نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە چوار مەرجی هەیە.

هۆگر چەتۆ، شارەزای بواری هەڵبژاردن دەڵێ: "(نەتەوە یەکگرتووەکان) پێی وایە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانەی لە عێراق هەیە، دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت لەو کاتەی کازمی دیاریکردووە. هەموو هەوڵێکی خۆیشی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی فشار لەسەر لایەنەکانی دیکە دروست بکات تاوەکو ئەوە قبووڵ بکرێت، ئەو سەردانەی ئەم دواییەی پلاسخارت بۆ لای سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق بۆ ئەوە بووە. دووەم ئەولەویەت لای ئەوان ئەوەیە؛ دامەزراوەی کۆمیسیۆن توانای ئەوەی هەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان ئیدارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە بدات، رێژەیەک سەرکەوتنی تێدابێت. ئەولەویەتی سێیەم ئەوەیە قەبارەی زیان لە هەڵبژاردنەکە لەڕووی مرۆیی و رووداوە ئەمنییەکانەوە چەند دەبێت و چەند رێگەی لێ دەگیرێت، چوارەمیش ئەوەیە؛ هەڵبژاردنەکە چۆن پاک و بێگەرد بێت، یاخود بگاتە ئەو ئاستەی لە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوودا هەیە".

جگە لە قەیرانە سیاسی، ئابووری، تەندروستی و ئەمنییەکان، کێشەیەکی دیکە لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە عێراق هەیە، کە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانە و لایەنە عێراقییەکان چەند بۆچوونێکی جیاوازیان لەبارەیەوە هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق مانگی شەشی ساڵی داهاتووی بە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کردووە.

 

هـ.ر.