بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێم: لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتین
بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەر کۆمپانیایەکی بیانی مۆڵەتی بریکارنامەی دابێتە هەر کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان، دەتوانن لە شار و شارۆچکەکانی عێراقیش کار بکەن.
سێشەممە 5ـی ئابی 2025، بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چەند پرس و کێشەیەکی ڕووبەرووی خاوەن کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران دەبێتەوە، بە یاوەری بەختیار حاجی حەمەد بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیا نیشتیمانیەکان لە بەغدا، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی فیدراڵ کۆبوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ناوی کۆمپانیاکانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بە هیچ کۆمپانیایەک نەدرێت لە بەغدا و باشووری عێراق، ناوی ئەو کۆمپانیایانەشی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەن و تۆمارکراون، بە هیچ کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان نەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان دەڵێت: هەر کۆمپانیایەکی بیانی مۆڵەتی بریکارنامەی دابێتە هەر کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان، دەتوانن لە شار و شارۆچکەکانی عێراقیش کار بکەن کە پێشتر هەر کۆمپانیایەک بۆ ئەوەی لە لە بەغدا و ناوچەکانی عێراق کار بکات، پێویست بوو لە بەغدا خۆی تۆمار بکاتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش بۆ کۆمپانیا عێراقییەکان دەبوایە دووبارە خۆیان تۆمار بکەنەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا کێشەکەمان چارەسەر کرد.
بڵند محەممەد ڕایگەیاند: داتا و زانیاری لەبارەی کەس و کۆمپانیا تۆمەتبارەکان لەگەڵ بەغدا دەگۆڕینەوە بۆ ئەوەی زانیارییەکان بە دادگا و لایەنی پەیوەندیدار بدەین.
بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە بەغدا کۆبوونەتەوە و چەند بڕیارێکی گرنگیان داوە، لەوانەش، ئەو کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن، لەبەر ئەوەی لە ساڵی 2022ـەوە پرۆسەی لێکدانییان دەستی پێکردووە و ژمارەیان 641 کۆمپانیایە، دوو گرووپ پێکدەهێنن، گرووپی B پێنج کۆمپانیا لێک دەدەن، گرووپی Aـیش 10 کۆمپانیا بوون و خۆیان لەیەکدا.
دەڵێت: کۆی ئەو کۆمپانیایانەی لێکیانداوە ژمارەیان 400 کۆمپانیایە، لەبەر ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە مۆڵەتی کارکردنیان لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە پێ نەگەیشتبوو، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقی بڕیاریدا ژمارەیەک لەو کۆمپانیایانە ڕێگەیان پێبدرێت کاربکەن تاکوو مۆڵەتی کارکردنیان بۆ تەواو دەکرێت، ژمارەیەکی دیکەشیان کە ڕێکارەکانی وەرگرتنی مۆڵەتییان تەواو کردووە و پێویستە مۆڵەتی کارکردنیان پێ بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوود لە خزمەتگوزارییەکانی بانکی ناوەندی وەربگرن، لەوانەش پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە 132 هەزار دینار، لەگەڵ پێدانی ڕەزامەندی بە ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان کە لەبواری بازرگانی کاردەکەن بۆ ئەوەی پارە بگوازنەوە دەرەوەی وڵات.
دەشڵێت: تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق تەواوکردنی ڕێکارەکانی دروستکردنی لقەکانی بانکی نیشتمان بوو کە لەساڵی 2023ـەوە مۆڵەتی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێت لقەکانی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بکاتەوە، بەمەش بۆ لەمەودوا، هەر خزمەتگوزارییەکی بانکی کە لە بانکی ناوەندی عێراقییەوە پێشکەش دەکرێت، لە بانکی نیشتمانیش پێشکەش دەکرێت.