پاڵپشتی حکوومەتی هەرێم، خواستی لەسەر بەرهەمی خۆماڵی زیاد کردووە

بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان و پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە باخەوان و جووتیاران گەرم و گوڕیەکی زۆری بە بازاڕی عەلوەکەی شاری سلێمانی داوە.

سەروەر عەلی، سەڕۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێستا بەرهەمی خۆماڵی خۆمان زۆرە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ بە قاچاخ دێتە ناو بازاڕەکانی سلێمانی، هۆکاری ئەمەش بەرهەمی خۆمان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی گران بێت، سوودی هەبێت بۆ عەلوە، هەرچەندە هیچ ەبرهەمێشکیش هاوردە نەکراوە لە سنوورەکانەوە بۆ ناو بازاڕی سلێمانی.

هەروەها گوتیشی: ئەو بەرهەمانەی هەمانە تەماتە، کولەکە، خەیار، کاڵەک و شووتییە، نرخەکانی ئەم بەرهەمانە لەم کاتەدا گونجاوە، هەم بۆ هاووڵاتییان و هەمیش بۆ جووتیارانیش سوودی هەبووە، ئەو بەرهەمانەی ئێستا هەمانن زۆربەیان هی ناوچەکانی پێنجوێنە و هەندێکیشی لە شارەزووەرەوە دێتە ناو بازاڕەکان. 

بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان و پشتیوانی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە باخەوان و جوتیاران، پاڵپشتی بۆ بازاڕی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان دروست کردووە. 

جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی، دەڵێت: وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پاڵپشت بە یاسای ژمارە4ـی ساڵی 2008 کە پاڵپشتی لە بەرهەمی کستوکاڵی دەکات، هەروەها ساڵانە خشتەیەکی کشتوکاڵی دەردەچێت بەدەر لەوە بەرهەمەکانی ناوخۆ پیدەگات ، بەرهەمی هاوردەکراو قەدەگە دەکرێت، یان باجی دەخرێتە سەر ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی  پاڵپشتیی و پشتییوانی بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران بکەین، بۆ ئەوەی لەناو بازاڕەکانی سلێمانیدا ساغ ببێتەوە. 

هەبوون و زۆر بوونی بەرهەمی خۆماڵی  تەنیا دڵنیایی خواردن و پاراستنی ئابووری خێزانەكان دابین ناكات، بەڵکو هاووڵاتیی و جوتیاران بۆ پەیوەندییەكی دروستوو ھاوبەش دەبەستێتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment