ڕۆژانە زیاتر لە 2000 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک دەکەن

نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاریی دهۆک، گەورەترین نەخۆشخانەی سەر ئاستی پارێزگاکەیە. ڕۆژانە زیاتر لە 2000 نەخۆش سەردانی ئەم نەخۆشخانەیە دەکەن و چارەسەر وەردەگرن، هاووڵاتییان و نەخۆشەکان ئاستی خزمەتگوزاری و چارەسەرییان لە نەخۆشخانەکە بەرز هەڵدەسەنگێنن، هاوکات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن نەخۆشخانە دراوەتە کەرتی ئەهلی و دەڵێت، نەخۆشخانەکەمان حکوومییە و لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەردەوامە.
سەگڤان سولێمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی بە کوردستان24ی گوت: ئێمە ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە باس کە لەوە دەکەن نەخۆشخانەکە دراوەتە کەرتی ئەهلی، تەنیا چەند بەشێکی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکە کەرتی ئەهلی بەڕێوە دەبەن، ئەوەش بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی نەخۆشەکان بکرێت.
ئاماژەشی دا، ئەو خزمەتگوزارییانەی دراونەتە کەرتی ئەهلی، پێکهاتوون لە تاقیگە، هەندێک جلوبەرگی نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریی دیکە.
قاسم محەممەد هاووڵاتی لەو بارەوە دەڵێت، خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکە زۆر باشە و خزمەتی هاووڵاتییان دەکەن، هاوکات هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: مامەڵەی کارمەندانی نەخۆشخانەکە زۆر باشە و زۆر لێی ڕازین.
نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک لە ساڵی 1986 دروست کراوە لە هەشت نهۆم و 586 قەرەیۆڵە و 126 قاوەش پێک دێت و سێ سەنتەری جیواز لە خۆ دەگرێت، نەخۆشخانەکە ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار پشکنین و خزمەتگوزاری جیاواز بۆ نەخۆشەکان دەکرێن و پێشکەش دەکرێن.