هەڵمەتی پاککردنەوەی زەوی لە مین و تەقەمەنی لە زاویتە بەردەوامە
تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک، دەستیان بە پاککردنەوەی کێڵگەیەکی بەرفراوانی مینڕێژکراو لە ناحیەی زاویتە کردووە، کە یەکێکە لە ناوچە گەشتیاری و ستراتیژییەکانی پارێزگاکە.
دەزگای گشتیی مین دەستیکردووە بە پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە مینڕێژکراون، بەتایبەت لە ناوچە گەشتیاری و کشتوکاڵییەکاندا. یەکێک لەو ناوچە گرنگانە، کێڵگەیەکی مینی 70 هەزار مەتری دووجایە لە نزیک سەیرانگای زاویتە، کە لە ساڵی 1984 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە مینڕێژ کراوە.
ڕێگر بێسڤکی، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "ئەم زەوییە دەکەوێتە شوێنێکی گرنگ و ستراتیژی لە نزیک ڕێگای سەرەکیی ناحیەی زاویتە و مەترسییەکی گەورەی بۆ گەشتیاران و هاووڵاتییان دروستکردبوو. ماوەی سێ مانگە کارکردن تێیدا دەستی پێکردووە و تا ئێستا نزیکەی 20%ی ڕووبەرەکەی پاککراوەتەوە و 60 مینی دژەکەسمان دۆزیوەتەوە و لەناومان بردوون."
ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەن ژمارەیەکی زۆر زیاتری مین لەم ناوچەیەدا هەبێت. سەبارەت بە ئاماری گشتی لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەی خستەڕوو "لە کۆی 731 کێڵگەی مینڕێژکراو لە سنووری پارێزگای دهۆک، تا ئێستا 381 کێڵگە بەتەواوی پاککراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە. لە ئێستادا پێنج تیمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئامێدی، مانگێشک و ناحیەی زاویتە بەردەوامن لە کارکردن."
سەبارەت بە قوربانیانی مین، بێسفکی وتی: "لە ساڵی 2008ـەوە تا ئێستا، 120 ڕووداوی تەقینەوەی مین تۆمارکراوە کە بووەتە هۆی برینداربوونی 80 هاووڵاتی."
تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پاککردنەوەی تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان لە پاشماوەکانی جەنگ و داوا لە هاووڵاتیان دەکەن لەو شوێنانەی مین و تەقەمەنی لێیە ، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.