فیلمی "ئاوازی باڵەکان" لە گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمی ئاسیا هەڵبژێردرا

بەڵگەفیلمی درێژی "ئاوازی باڵەکان"، لە نووسین و دەرهێنانی هێمن خالیدی, لە لە 30یەمین وەشانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بوسان کە ناسراوە بە ئۆسکاری ئاسیا نمایش دەکرێت.
هێمن خالیدی دەرهێنەری بەڵگە فیلمی ئاوازی باڵەکان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 لە بارەی فیلمەکە و بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا، ئەوەی خستەڕوو، کە چیرۆکی فیلمەکە هاوتەریب و تێکەڵاوی ژیانی سێ هاوژینە.گوتیشی، بەڵگە فیلمەکە لە گوندی دەرەتفێ سەر بە شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێنەی گیراوە، کە خەڵکی ئەو گوندە لەگەڵ ژمارەیەک زۆر لەقلەق دەژین.
چیرۆکی بەڵگەفیلمەکە باس لە "پوورە خەجێ، ژنێکی بەساڵاچووە دەکات، کە لە 64ەمین ساڵی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرە تەمەن سەد ساڵەکەیدا دەژیت، هاوکات خەریکی چارەسەرکردنی لەقلەقێکی باڵ شکاوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە لای لەقلەقەکانی دیکەن کە ئامادەی کۆچکردنن، لە هەمان کاتدا کچەکەی پوورە خەجێ بڕیاری داوە بۆ ئەورووپا کۆچ بکات. تا بچێتە لای هاوسەرەکەی کە لەوێ دەژیت."
هاوکات پەیامی فیلمی "ئاوازی باڵەکان" بریتییە لە: هەوڵێکە بۆ نمایشی کۆچبەری بەبێ پێشداوەری و وێناکردنی ڕوانگەیەکی نوێ لە ژیانی لادێ، نە لە گۆشە نیگای نوستالۆژی یان کەم دەستیەوە، بەڵکوو لە ڕوانگەی مرۆڤانە و هاودڵانەوە.
هێمن خالیدی دەشڵێت، قۆناغەکانی توێژینەوە و بەرهەمهێنان بەڵگە فیلمەکە 4 ساڵی خایاندووە. باسی لەوەش کرد، ئینا تێدژۆڤا (گولیزەر گەردەنزەری) لە جۆرجیا و سەرگوڵ مورادی لە ئێران و زێنێ بڕۆیانیش لە بەلجیکا، بەرهەمهێنەری هاوبەشی فیلمەکەن.
ئاوازی باڵەکان یەکێک لە فیلمە بەرچاوەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵی بووسانە کە دەرفەتێکی نوێ بۆ بینەری جیهانی فیلم دەڕەخسێنیت تا لەگەڵ ڕوانگەی جیاوازتر لە چەمک گەلی کۆچ و پەیوەندی بنەماڵەیی ئاشنا بێت.