وەزیری بەرگریی ئێران زانیاریی نوێ لەبارەی شەڕە 12 ڕۆژییەکەی ئیسرائیل ئاشکرا دەکات

عەزیز نەسیر زادە، وەزیری بەرگریی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر جەنگی 12 ڕۆژەیان لەگەڵ ئیسرائیل درێژەی کێشابا بۆ 15 ڕۆژ، هەموو شتێک دەگۆڕا، ئەو وەزیرە زۆر شتی نوێی لەبارەی جەنگی 12 ڕۆژەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئاشکرا کرد.

عەزیز نەسیر زادە، وەزیری بەرگریی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی( یانەی لاوانی ڕۆژنامەنووس)ـی ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند: ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بووایە، ئێران بە تەنها لەنێو جەنگەکەدا نەدەمایەوە.

دەڵێت: دوای ئەو 12 ڕۆژە، شێوازی جەنگەکەمان گۆڕانی بەسەردا دەهات، دەبووە جەنگێکی نا ئاسایی، چونکە ئەمەریکاش هاتە نێو جەنگەکە لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەورووپا لەڕووی چەک و لۆجستییەوە.

دەڵێت: هەستمان بەوە کرد کە ئێمە ڕووبەڕووی بەهێزترین هێزی سەربازیی لەسەر ئاستی جیهان دەبینەوە، لە کاتێکدا جیاوازییەکی زۆر لە توانای سەربازیی نێوانمان هەیە، بەڵام لە گۆڕەپانی جەنگدا، سەرکەوتن لە ژمارەی سەرباز و چەک کورت نابێتەوە، بەڵکو چەند میکانیزمێکی دیکەمان داڕشت، کە توانیمان لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو بین لە جەنگەکەدا.

نەسیر زادە گوتی: ئەگەر جەنگەکە لە 12 ڕۆژەوە درێژ ببوایە بۆ 15 ڕۆژ، لە 3 ڕۆژی دوایی، ئیسرائیل نەیدەتوانی هیچ یەک لەو مووشەکانە تێکبشکێنێت کە لە ئێرانەوە ئاڕاستەی دەکرا، بۆیە ئیسرائیل دەکەوتە حاڵەتێک، زۆر بە زەحمەت دەیتوانی بەرگریی لەخۆی بکات.

وەزیری بەرگریی ئێران ئاشکرای کردووە، سیستەمی بەرگرییان هێندە گەورە و  بەهێزە، هەر مووشەکێک کە بۆ بەرگریی دەهاوێژێت، کاتێکی زۆری دەوێت تا مووشەکێکی دیکە بۆ هاوێشتن ئامادە بکرێت، چونکە مووشەکەکان زۆر گرانبەها و وردن.

لەبارەی ئەوەی، ئایا یەک مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی دەتوانێت چەند مووشەکێک بەیەکەوە بخاتە خوارەوە، نەسیر زادە ڕایگەیاند: هەر هێندە دەڵێم، جەنگەکە دوای 15 ڕۆژ، بۆ ئیسرائیل ئاسان نەدەبوو، بەڵکو زیانێکی زۆری پێدەگەیشت، هیچ توانایەکی بەرگریی نەما، بۆیە داوای وەستاندنی جەنگی کرد.

وەزیری بەرگریی ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی چەند دامەزراوەیەکی سەربازیی لەچەند وڵاتێک هەیە، بەڵام ناو و شوێنی هیچ یەک لەو وڵاتانەی ئاشکرا نەکرد، دەڵێت: پەیوەندی باشمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە کە، پەیوەندی سیاسی و بەرگریی لەگەڵ وڵاتەکەی ئێمە هەیە، چەک لەگەڵ یەکتر دەگۆڕینەوە، ئێمە چەک دەکڕین و دەفرۆشین، بۆ ئەوە چەک ناکڕین کە پێویستمانە، بەڵکو لەپێناو دروستکردنی پەیوەندیی دوو لایەنەیە لەگەڵ ئەو وڵاتەی چەکەکەی لێ دەکڕین، بۆ ئەوەی سوود لە توانا تەکنەلۆژی و پیشەسازییەکانی نێوان یەکتر وەردەگرین.

 بەرەبەیانیی  13-06-2025، جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد، هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بۆ ماوەی 12 ڕۆژ، تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیلی بە مووشەکی بالیستی بۆمباران دەکرد.