سەرچاوەی ئاوی گەلی دەرگەل وشک بووە و خەریکە گوندەکە چۆڵ دەبێت
سەرچاوەی ئاوی گەلی دەرگەل وشکی کردووە و جووتیاران و مەڕدارانی گوندەکەش داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن چارەسەرییەکی کێشەی بێئاوی بکەن، چونکە کشتوکاڵی گوندەکە و مەڕ و ماڵاتەکانیشیان خەریکە لەناو دەچێت، سەرباری ئەوەی خەریکە دانیشتوانەکەی بەجێی دێڵن و گوندەکە چۆڵ دەکەن.
ساڵح سلێمان، جووتیاری دەرگەل کە لەسەر 2 دۆنم زەوی کشتوکاڵ دەکات، بۆ کوردستان24 دەڵێت: ئاومان بە سۆندە لە کانی ڕاکێشاوە کە زۆر لە زەوییەکانمانەوە دوورە، ئەمساڵ ئاوی کانیش نەماوە و وشکی کردووە، بەرهەمەکان و دارەکانمان لە بێ ئاویدا وشک بوون.
دەڵێت: بەرهەمەکانم، هەنجیر و ترێ و هەنارن، هەمووی وشکبوون لە بێئاویدا.
نەبوونی ئاو، کێشەی بۆ مەڕدارانیش دروست کردووە، خاوەن مەڕو ماڵاتەکان، ناچارن بۆ ئاودانی ماڵاتەکانیان، چەند کیلۆمەترێک ببڕن بۆ ئەوەی بگەنە ناوچەیەک ئاوی هەبێت و ماڵاتەکانیان لە تێنوێتی ڕزگار بکەن، خەڵکی گوندەکە داوای زوو چارەسەرکردنی کێشەی بێئاوی دەکەن، پێیوان وایە گەرە چارە نەکرێت، گوندەکە چۆڵ دەبێت.
سادق کلش، مەڕدارە و بۆ کوردستان24 دەڵێت: مەڕو ماڵاتمان نزیکەی 3 بۆ 4 کیلۆمەتر دەبەین بۆ شوێنێک کە ئاوی لێبێت، بۆ ئەوەی لە بێ ئاویدا مردار نەبنەوە، گوتی:" ناکرێ ئەو ڕێگا دوورە بە مەڕو ماڵات ببڕی لە هێنان و بردن، بۆ ئەوەی تەنها ئاو بخۆنەوە، خەڵک لە بێ ئاویدا زۆر هیلاک بووە".
ئاڤدەل مەحموود، هاووڵاتییەکی گوندەکەیە و بۆ کوردستان24 دەڵێت: ماوەی 4 ساڵە مۆڵەتی لێدانی بیری ئاومان هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە، پێشتر ئاومان لە کانییەوە بوو، ئێستا کانیش وشکی کردووە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت دەکەین، چارەسەرییەکمان بۆ بکەن، بەڵکو گوندەکە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی.
محەممەد یاسین، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئاستی ئاو لە گوندەکە زۆر دابەزیووە، ناتوانرێت بیر لێ بدرێت، چونکە سەرکەوتوو نابێت، بۆ چارەسەری گرفتی ئاوی ئەو گوندەکە، پێویستە ئاوی لە گوندێکی دیکە بۆ ڕابکێشین، بۆ ئەوەش دەرخستەیەکمان کردووە و پێشکەشی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆمان کردووە.
گوندی دەرگەل دەکەوێتە سنووری ناحیەی دەرکار، زیاتر لە 20 باخی تێدایە، لەبەر بێ ئاوی، نزیکە 10 ماڵ گوندەکەیان چۆڵ کردووە.