زیادبوونی شاخەوانی لە ئاکرێ؛ تێکەڵکردنی وەرزش و مێژوو

بەیانییەکی زوور، ژمارەیەک لە شاخەوانان و گەشتیاران لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ، گەشتێکی وەرزشی و گەشتیارییان بۆ سەر قەڵای ئاکرێ ئەنجامدا، کە بە یەکێک لە قەڵا دێرینەکانی کوردستان و جیهان دادەنرێت. ئەم گەشتە جەختی لەسەر گرنگیی وەرزشی شاخەوانی و ناساندنی شوێنەوارە کولتوورییەکان دەکردەوە.

بەر لەوەی دەست بە ڕێپێوانەکە بکرێت، شاخەوانەکان کۆبوونەوە و ڕێنیشاندەرانی تیمەکە زانیاری پێویستیان لەسەر سرووشتی ناوچەکە، ڕێگاکانی گەیشتن بە قەڵاکە، و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرزاییە سەختەکان پێدان.

ڕێڕەوەکە پڕ بوو لە بەرزایی سەخت و بەردەڵان، بۆیە گەشتیاران ناچار بوون بە وریایی و تەمەلێچوونێکی زۆرەوە پێی بپێون. سەرەڕای سەختیی ڕێگاکە، بەڵام گەیشتن بە لوتکەی قەڵاکە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی لە خوارەوەی شار و دەوروبەری پێشکەش بە شاخەوانەکان کرد.

 

تێکەڵکردنی وەرزش و مێژوو

شاخەوانان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئامانجیان لەم گەشتە تەنیا ئەنجامدانی وەرزش نییە، بەڵکو پەرەپێدانی چێژی بینینی شوێنەواری مێژوویی و نزیکبوونەوە لە سرووشتە.

عەبدوللەد ئیلیاس، یەکێک لە چالاکوانانی بواری شاخەوانی، لەبارەی گەشتەکەوە گوتی: "مەبەست لەم گەشتە، جگە لە وەرزشی شاخەوانی، ناساندنی ئەم شوێنەوارە دێرینەیە. قەڵای ئاکرێ یەکێک لە دێرینترین قەڵای کوردستان و جیهانە."

لەلایەکی دیکەوە، نیزام فەیسەڵ، یەکێک لە شاخەوانان، ڕایگەیاند، شاخەوانی تەنیا وەرزش نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک بابەتی دیکەی کولتووری و سرووشتی تێدایە کە دەبێتە هۆی ئاشنابوون بە سرووشتی کوردستان و ناساندنی دیمەنە جوانەکانی.

گرنگیی شاخەوانی

گەشتیاران لە لوتکەی قەڵاکە وێنەی یادگارییان گرت و چێژیان لە جوانییەکانی سرووشتی بێگەردی ناوچەکە وەرگرت. 

ئەم وەرزشە بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، ساڵ دوای ساڵ ڕووی لە زیادبوونە، چونکە جگە لە سوودی تەندروستی، ڕێگە بە هاوڵاتیان دەدات پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ سرووشتی دڵڕفێنی کوردستان درووست بکەن و خۆیان لە ژیانی ڕۆتینی شاری بەدوور بگرن.

شاخەوانەکان باسیان لەوە کرد کە سەربەرزی بەسەر ئەم بەرزاییانەدا، هەستێکی زۆری خۆڕاگری و متمانە بەخۆبوونیان پێدەبەخشێت، هەروەها ئەم گەشتانە یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی ژینگەی پاک و شوێنەواری دێرین.

 
Fly Erbil Advertisment