شاخەوان عەبدوڵڵا: هەمیشە پشتیوانیی جووتیارانی کورد دەکەین

بۆ لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرسی ئەو جووتیارە کوردانەی گوندی پەلکانە کە لە دادگا سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە،  جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی جووتیارانی گوندەکەی کرد.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەمە یەکەم جار نییە جووتیارانی کوردی گوندی پەلکانە لە دادگا کێشەیان بۆ دروستبکرێت و ئێمە چارەسەری بکەین،  بەردەوامیش دەبین لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەکرێتەوە. 

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی:" لەبارەی دوایین ئەو ڕێکارانەی جێبەجێ دەکرێن، ئەمڕۆ هەواڵێکمان بۆ جووتیارانی گوندی پەلکانە هێنا، ئەویش بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە لە 19ـی مانگی ئاب، جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و تا ئەو کاتەی بڕیارەکە دەگەڕێتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنیان بۆ ئەوەی مافەکانیان نەفەوتێت و تەعەدایان لێنەکرێت، دەشڵێت: ئەوەی گرنگ بوو، دەرکردنی یاسایەکە بوو، ئێستا هەر چی دەکەن با بیکەن گرنگ ئەوەیە یاسایەکە تێپەڕی".

یەک لە جووتیارانی کوردی خاوەن زەوی لە گوندی پەلکانە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەو کێشانەی کە هەن لەسەر زەوی و زارە و چەند کەسێکی عەرەبی هاوردەی سەردەمی بەعس کە زەوییەکانیان لە جووتیارانی کورد زەوت کردبوو، ئێستا هاتوون و ئەو گرێبەستانەیان پێشکەشی دادگا کردووە، دادگاش لای ئەوان دەگرێت، بەڵام شاخەوان عەبدوڵڵا بەڵێنی داوە پشتگیری کەیسەکەمان بکات لە دادگا.

 
Fly Erbil Advertisment