یاساناس و پزیشکان: یاسای هەموارکراوی باری کەسی لە عێراق منداڵ دەکاتە قوربانی
هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی لە عێراق، سەرەڕای تێپەڕاندنی، هێشتا جێگای ناکۆکییەکی زۆرە و بووەتە مایەی نیگەرانییەکی فراوانی چالاکوانان و یاساناسان، کە پێیان وایە یاساکە ستەمێکی زۆری بەرانبەر ئافرەتان تێدایە.
ئیسرا خەفاجی، یاساناس، بە سەیف عەلی، پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند "ماوەی حەوت ساڵە ڕەشنووسی ئەم ستەمکارییە دژ بە ئافرەتان ڕەتدەکرێتەوە. یاساکە منداڵ لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لە دایکی دەسەنێتەوە، کە بە واتای نەهێشتنی ئازادی منداڵ دێت. ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی سەقامگیری خێزانە عێراقییەکان، قووڵبوونەوەی کێشەکان و زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە."
سەبارەت بەو پرسیارەی کام لە دایک و باوک منداڵەکە بەخێو بکەن، خەفاجی جەختی کردەوە "پێویستە بەرژەوەندیی منداڵەکە لەبەرچاو بگیرێت و ڕێز لەو بڕیارە بگیرێت کە کامیان گونجاوترە بۆ لەخۆگرتنی منداڵەکە".
لە لایەکی دیکەوە، سوهەیلە سەباح، پزیشکی خێزانی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاندووە: "ئێمە بە تەواوەتی لەدژی بەشوودانی ئافرەتی هەرزەکارین و ئافرەت لەم تەمەنەدا منداڵە."
پزیشکانی دەروونی و پسپۆڕانی بواری منداڵ و خێزان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لە هەردوو یاسای کۆن و جەعفەریدا، قوربانی سەرەکی هەر منداڵە.
ئەم یاسایە لە 21ی کانوونی دووەمی 2025 هەموارکرایەوە و بڕگەی هەڵبژاردنی هاوسەرگیری لەسەر مەزهەبی جەعفەری بۆ زیادکرا. سەرەڕای کاردانەوەی زۆری دوای ئەم هەموارەی یاسای 188ی ساڵی 1959، لە 17ی شوباتی هەمان ساڵدا تێپەڕێندرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.