كریستیانۆ رێگری كرد لە چوونی كڵۆپ بۆ مانچێستەر یونایتد؟

كڵۆپ: پرۆژەی ئێستای مان یونایتد دوورە لە تۆپی پێ

كریستیانۆ رۆناڵدۆ و یۆرگن كڵۆپ
كریستیانۆ رۆناڵدۆ و یۆرگن كڵۆپ

یۆرگن كڵۆپ دوای 9 ساڵ لە راهێنەرایەتی لیڤەرپوول لە هاوینی 2024 ریزەكانی ئەو یانەیەی جێهێشت، ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە سوورپۆشەكانی ئانفیڵدی گەڕاندەوە سەر سەركۆی نازناوەكان و چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگی بردەوە و پاشان تیپەكەی رادەستی ئارنی سلۆتی راهێنەری هۆڵەندی كرد.
یۆرگن كڵۆپ راستەخۆ روویكردە كۆمپانیای رێد بووڵ و سەرپەرشتی تۆپی پێی كۆمپانیایەكە دەكات، لە دوایین چاوپێكەوتندا نهێنییەكی لەبارەی مانچێستەر یونایتد دركاند و گوتی: پێش ئەوەی پەیوەندی بە لیڤەرپوول بكەم دەرفەتی ئەوەم هەبوو گرێبەست لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بكەم، لەم پێناوەدا گفتووگۆی چڕ لە نێوان من و ئیدارەی یانەكە كرا، بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا شتێكیان پێ گوتم پێم خۆش نەبوو، لەگەڵ بیركردنەوەی من نەدەگونجا، ئەوان پێشنیاری چەندان ئەستێرەیان بۆ كردم و گوتیان فڵان یاریزان و فڵان ئەستێرەتان بۆ دەگوازینەوە، منیش لە دڵی خۆدا گوتم: ئەم جۆرە پرۆژەیە بە كەلك من نایەت، ئەوە ئەو شتە نییە كە من بەدوایدا دەگەڕێم.
یۆرگن كڵۆپ لە درێژەی پۆدكاستەكەیدا لەگەڵ پێگەی The Diary of a CEO کە لەلایەن (ستێڤن بارتلت)ـەوە پێشکەشکرا، کلۆپ لەبارەی هەوڵەكانی مان یونایتد بۆ رازیكردنی، گوتی: نەمدەویست پۆڵ پۆگبا بگەڕێتەوە مان یونایتد، نەمدەویست کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بگەڕێتەوە كە ئەوكات لە ریال مەدرید بوو، هەموومان دەزانین ئەو هاوشانی مێسی لە باشترین یاریزانەکانی جیهانن، بەڵام گەڕانەوەی ئەو یاریزانانە لەوكاتەدا نەدەبووە پاڵپشتێكی باشی تیپەكە.
کلۆپ لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: بیرۆکەکەیان ئەوە بوو کە باشترین یاریزانەکان بهێننە یانەکە، بەڵام هەرگیز باسی خودی تۆپی پێیان نەدەکرد، بۆیە پرۆژەكەی مان یونایتد هیچ سەرنجی رانەكێشام، دواتر پرۆژەی لیڤەرپوول خرایە سەر مێزی گفتوگۆیەكانم كە بەتەواوەتی باسی تۆپی پێ بوو، بۆیە قبوڵم كرد، ئێستاش لە داهاتوو دوورنییە بگەڕێمەوە راهێنەرایەتی لیڤەرپوول.
كڵۆپ روونیشیكردەوە، لە تۆپی پێ شتێك نییە كە بتوانیت لە ماوەی دوو رۆژ كێشەیەك چارەسەر بكەیت، بەڵكو چارەسەرەكان دەبێت درێژخایەن بن، هەندێكجار ساڵێك یان دوو ساڵت پێویستە بۆ ئەوەی هەنگاوێكی گەورە بنێیت، ئەستێرەكان و گرێبەستە گەورەكان بەسەر دەچن، یاریزانێك دەڕۆن، بەڵام پرۆژەكەت دەمێنێتەوە، ئێمە لە لیڤەرپوول بەم شێوازە كارمان كرد و نزیك بووین لەوەی نازناوەكان دوو هێندەی ئێستا لێ بكەین، بەڵام كوا مان یونایتد لەگەڵ ئەو ئەستێرانە چی كرد؟.
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە هاوینی 2009 روویكردە ریال مەدرید، لە ساڵی 2021 گەڕایەوە بۆ یانەی مانچێستەر یونایتد، بەڵام لەگەڵ ئێریك تێن هاگ تووشی ئاستەنگییەکی گەورە بوو، لە 2023 دوای گرژییەكی ئاڵۆز لەگەڵ تێن هاگی ڕاهێنەری ئەوکات، بە ناچاری مان یونایتدی جێهێشت، لە چاوپێکەوتنێکیش لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ناوداری بەریتانیا پیێرس مۆرگان ڕەخنەی توندی تێن هاگ گرت.
رۆناڵدۆ دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یونایتد، ڕۆناڵدۆ ڕووی لە یانەی نەسری سعودیە کرد، کە لە ئێستادا ڕیکۆردێکی سەرنجڕاکێشی بەدەستهێناوە و پێشەنگی ڕیزبەندی خولی ڕۆشنی سعودیە گرتووە.

 

 
Fly Erbil Advertisment