گەنجێک لە شەقڵاوە شوێنی دانیشتن لەسەر شێوەی "هێلیکۆپتەر" دروست دەکات
گەنجێکی خەڵکی شارۆچکەی خەلیفان، لە دواین کاری هونەریدا لە ناوچەی گەشتیاریی شەقڵاوە، شوێنی دانیشتن و پشوودانی گەشتیاران لەسەر شێوەی "هێلیکۆپتەر" دروست دەکات.
سەردار فەقێ، گەنجێکی خەڵکی گوندی بەورکانی سەر بە شارۆچکەی خەلیفانە و خاوەن بەهرەیەکی تایبەتە لە دروستکردنی کاری دەستی و هونەریدا. ئەو لە ئێستادا لە یەکێک لە خانووە گەشتیارییەکانی شەقڵاوە، سەرقاڵی دروستکردنی دیزاینێکی جیاوازە کە پێکهاتووە لە هێلیکۆپتەرێک کە ناوەوەی کراوەتە شوێنی دانیشتن، نانخواردن و چا خواردنەوە.
سەردار فەقێ لەبارەی کارەکەیەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ڕاستە من خوێندەواریم نییە، بەڵام خاوەنی بیرۆکەی باشم و هەمیشە حەز بە ئەنجامدانی کاری جیاواز دەکەم، بەتایبەت ئەو کارانەی تا ئێستا لە کوردستان نەکراون و بوونیان نییە."
ئەو گەنجە ئاماژەی بەوەشکرد، دیزاینی هێلیکۆپتەرەکەی خۆی دایناوە و لە "پلێت" دروستی دەکات. دەربارەی بیرۆکەکەشی گوتی: "لەگەڵ هاوڕێیەکم ڕێککەوتین کارێکی جیاواز بکەین، من پێموت کە هێلیکۆپتەرێک دروست دەکەم بەڵام ببێتە شوێنی دانیشتن."
سەردار ماوەی 10 ڕۆژە دەستی بەم پرۆژەیە کردووە و دەڵێت؛ لەبەر ئەوەی حەزی لە کارەکەیە بەلایەوە قورس نییە، بڕیاریشە لە ماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژی داهاتوودا کارەکانی تەواو بکات و بەڕووی گەشتیاراندابکرێتەوە.
