وەزیری دادی تورکیا: پاراستنی پرۆسەی ئاشتی لە پێشینەی کارەکانمانە
وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی وردی کارگێڕی و دادوەری لەسەر ئەو درووشم و بێڕێزییانە دەستپێدەکەن کە بەرانبەر بە سیاسەتمەداری کورد، لەیلا زانا کراوە، جەختیشی کردەوە کە پاراستنی "پرۆسەی ئاشتی" لە پێشینەی کارەکانیانە.
یلماز تونج، وەزیری دادی تورکیا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بەو دروشمە ناڕەوایانەی ئاراستەی لەیلا زانا کراون، ڕایگەیاند: هەموومان دەمانەوێت پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر سەرکەوتوو بێت، هەر بۆیە ناخوازین هیچ هەڵوێست و ڕەفتارێک ببێتە هۆی زیانگەیاندن بەم پرۆسەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە لەم کاتە گرنگەدا هەمووان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن.
یلماز تونج، داوای لە لایەنەکان و هاووڵاتییان کرد لە کاتی کاردانەوەکانیاندا دوور بکەونەوە لە گشتاندن، چونکە بە گوتەی ئەو گشتاندن زیان بە پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت. گوتیشی: پێویستە بۆ ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەمان، بێ ئەوەی بکەوینە ناو گێچەڵ و ئاژاوەگێڕییەوە، بەرژەوەندی گەل و وڵات بخەینە پێش هەموو شتێک.
سەبارەت بە ڕێکارە یاساییەکان، وەزیری داد ئاشکرای کرد دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن و شیکردنەوە بۆ تۆمارە دەنگییەکان و وردەکاریی ئەو ڕووداوانە دەکرێت کە بێڕێزییان تێدا بووە، تاوەکوو لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بکەرانی ئەو ڕەفتارانەدا بکرێت.
هەروەها هەر ئەمڕۆ هەینی، دەوڵەتی باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) گوتی: ئەو سووکایەتی و بێڕێزییەی بە لەیلا زانا کراوە، ڕەفتارێکی بێڕەوشتییە و خزمەتی یەکگرتوویی تورکیا ناکات.
هاوکات، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕاگەیەنراوێکی نارەزایی لەبارەی ئەو بێرێزییانە دەرکردووە و بە توندی سەرکۆنەی ئەو بێرێزییانە دەکات کە لەیلا زانای کردۆتە ئامانج، داواش لە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوە لەو کردەوەیە بکەن و ئەم زمانە ژەهراوییە کە لە یارییەکی تۆپی پێدا بەکارهێندراووە، دەربڕینی عەقڵیەتێکی ڕەگەزپەرستی و فاشیستە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی گفتوگۆ و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ئارادایە و حکوومەت دەیەوێت ڕێگری لە هەر گرژییەک بکات کە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم ئەو هەنگاوانەدا، 16ی ئەم مانگە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری نێوان هەردوو یانەی بوڕساسپۆرت و سۆماسپۆرت، لەلایەن هاندەرانی بوڕساسپۆرت بە دروشم و وشەی نەشیاو بێڕێزی بە لەیلا زانا کرا بوو.
