كۆمسیۆن داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات كارتی بایۆمه‌تری نوێ بكه‌نه‌وه‌

ده‌رگای بنكه‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر كرانه‌وه‌

كارتی ده‌نگده‌ران
كارتی ده‌نگده‌ران

K24- هه‌ولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کردەوە و پرۆسەکەش ماوەی 30 رۆژ بەردەوام دەبێت، داواش لەو کەسانە دەکات، کە تەمەنیان گەيشتوەتە 18 ساڵ و ئەو کەسانەشی کارتی بایۆمەتریان وێنەی پێوە نیە، کارتەکانیان نوێ بکەنەوە، لەبەر ئەوەی هیچ کەسێك بە بێ کارتی بایۆمەتری نوێ، ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بکات.

هەر بەپێی بڵاوکراوەى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ تازەکردنەوەى کارتى دەنگدان لە پارێزگاى هەولێر، 53 بنکەى تۆمار هەیە و 13 بنکەش بۆ ئاوارەکان دیاریکراون.

سیروان محەمەد، بەرپرسی بنکەی عەنکاوە بۆ كوردستان24 گوتی: دەنگدەران دەتوانن لە سنووری پارێزگا بۆ پارێزگایەکی دیکە  شوێنی دەنگدانیان بگوازنەوە، بەڵام ناتوانن لە سنووری بازنەیەکدا بنکەی دەنگدانیان بگۆڕن.

لە سنووری پارێزگای هەولێر 53 بنکە کاری نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری ده‌كه‌ن، 37 تیمی گەرۆك بۆ کەمپی ئاواره‌كانی سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ دیاریكراون، بۆ ناو پارێزگای هەولێریش 45  تیمی گەرۆك، کاری نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری بۆ ئاوارەکانی ناو شاری هەولێريش دیاری کراوە، عەبدولرەزاق گۆران، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنیش داوا لە هاووڵاتیان دەکات، کارتی بایۆمەتری تازە بکەنەوە، چونكه‌ بەبێ ئەو کارتە کەس ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بکات.

یەکێك لە کێشەکانی بەردەم نوێکردنەوەی کارتی تۆماری دەنگدەران، نەبوونی کارمەندە بۆ پرۆسەکە، بەپيێ داتایەکی کۆمیسیۆنیش لە سنووری پارێزگای هەولێر 52%ی هاووڵاتیان کارتی بایۆمەترییان نوێکردوەتەوە، بڕياره له مانگی حوزه‌یرانی ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە  ئەنجام بدرێت.

H.B