ماکرۆن، حزبوڵڵا بە کوشتنی سەربازێکی فەرەنسی تۆمەتبار دەکات
لە ئەنجامی هێرشێکدا لە باشووری لوبنان، سەربازێکی فەرەنسی سەر بە هێزەکانی پاراستنی ئاشتی (یونێفێل) کوژرا و سێی دیکەش بریندار بوون. لای خۆیەوە سەرۆککۆماری فەرەنسا، بە توندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: کە سەرجەم ئاماژەکان بەرپرسیارێتیی ئەم رووداوە دەخەنە ئەستۆی "حزبوڵڵای لوبنان".
رۆژی شەممە، 18ـی نیسانی 2026، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر کاروانێکی هێزەکانی پاراستنی ئاشتی لە لوبنان (یونێفێل)، سەربازێکی فەرەنسی گیانی لە دەست دا و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون. ئەم رووداوە کە لە شارۆچکەی "غەندورییە" لە باشووری لوبنان رووی دا، کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی، بە تایبەت لە لایەن فەرەنساوە لێ کەوتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، لە میانەی پۆستێکدا، جەختی لە پێویستیی دەستەبەرکردنی ئاسایشی هێزە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
لە لایەکی دیکەوە کۆشکی ئەلیزێ، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کە ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی لوبنان، بە توندی رووداوەکەی سەرکۆنە کردووە و داوای کردووە کە دەبێت حوکومەتی لوبنان بەرپرسیارێتیی پاراستنی هێزەکانی پاراستنی ئاشتی (یونێفێل) هەڵبگرێت. ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە پێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، حزبوڵڵا لە پشت ئەم هێرشەوەیە.
کاترین ڤۆتران، وەزیری سوپاکانی فەرەنسا، ناسنامەی سەربازە کوژراوەکەی ئاشکرا کرد کە ناوی (فلۆریان مۆنتۆریۆ)یە. ڤۆتران روونی کردەوە، کە مۆنتۆریۆ لە کاتی ئەرکێکدا، کەوتووەتە کەمینێکی چەکدارییەوە و بە "تەقەی راستەوخۆ" گیانی لە دەست داوە.
لە بەرامبەردا، جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان، هێرشەکەی بە توندی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: کە لوبنان بە هیچ شێوەیەک دەستدرێژی بۆ سەر هێزەکانی یونێفێل قبووڵ ناکات.
عۆن ئاماژەی بەوە کرد، کە فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان داوە لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و بێلایەنانە بۆ دیاریکردنی شوناسی هێرشبەرەکان دەست پێ بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، حزبوڵڵای لوبنان لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا هەر جۆرە پەیوەندییەکی خۆی بەم رووداوەوە رەت کردەوە. حزبوڵڵا داوای کرد کە لایەنەکان چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکانی سوپای لوبنان بن و جەختی لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییە باشەکانی نێوان خەڵکی ناوچەکە و هێزەکانی یونێفێل کردەوە.
هاوکات هەندێک سەرچاوەی ئاگادار ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێکدادانەکە دوای ئەوە دروست بووە کە هێزە فەرەنسییەکان بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ سوپای لوبنان چوونەتە ناو ناوچەیەکی هەستیار، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە.
فەرماندەیی هێزەکانی یونێفێل رووداوەکەی بە "هێرشێکی بە مەبەست" ناوزەند کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد کە تێوەگلاوان رادەستی دادگا بکەن، تا رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بکرێت کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.