زەیدی لایەنەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی کاری کۆمپانیا نەوتییەکان رادەسپێرێت

عەلی زەیدی پێشوازیی لە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کۆبووەوە، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا؛ لە سبەینێوە سەرجەم کۆمپانیاکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، ئەمەش بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە ئابوورییە گەورەیەی بەهۆی جەنگ و داخرانی گەرووی هورمزەوە بەر عێراق کەوتووە.

چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان کرد.

شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری نوێنەرانی ژمارەیەک لە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بوو، کۆبوونەوەکەش بە ئامادەبوونی هەر یەک لە وەزیری دەرەوە، وەزیری نەوت و سوپاسالاری عێراق بەڕێوە چوو.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا گوێبستی روونکردنەوەیەکی تێروتەسەل بوو سەبارەت بە بارودۆخی کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە سایەی ئەو رووداوانەی دوایی کە بەهۆی جەنگی ناوچەکەوە سەریان هەڵداوە. هاوکات دیدگایەکی گشتگیر و گونجاو خرایە روو سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستپێکردنەوەی کاری ئەو کۆمپانیایانە لە زووترین کاتدا.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، زەیدی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە سەرجەم ئەو پێداویستییانە دابین بکەن کە دەبنە هۆی دەستەبەرکردنی ئاسایشی کاری کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو زیانەی بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بەر عێراق کەوتووە زیانێکی گەورە بووە، بۆیە پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە، ئەویش لە رێگەی چارەکردنی ئەو کێشانەی رێگرن لە بەردەم زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێناندا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا؛ کە لە سبەینێوە سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، جەختیشی لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش، رەخساندنی ژینگەی لەبار و دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ ئەو مەبەستە کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03ـی حوزەیرانی 2026، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخت.

ئامانجی سەردانی شاندەکە؛ زیادکردنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا؛ بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ؛ وەزیری نەوت و شاندێکی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کۆدەبنەوە. 

شاندەکە لە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێک دێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە کۆتایی ساڵی 2025دا و دوای دوو ساڵ لە وەستان بەهۆی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتییەوە خرابووەوە گەڕ، ئێستا بەهۆی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکەوە رووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بووەتەوە.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ پەیامنێری کوردستان24، ئەم دۆخە ئەمنییە کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتی گشتی دروست کردووە، بەو هۆیەشەوە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە تاوەکوو قەبارەی هەناردەی رۆژانە بۆ 500 هەزار بەرمیل بەرز بکرێتەوە.