دوای پشووی پەرلەمان کابینەی حکوومەتی عەلی زەیدی تەواو دەکرێت
بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمانی عێراق کە لە یەکی تەمموزەوە پشووەکە کۆتایی دێت، دەنگ لەسەر تەواوکاری کابینەی حکوومەتەکەی زەیدی بدرێت.
لەوبارەیەوە سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردستان24 ـی راگەیاند، کارەکانی تەواوکردنی حکوومەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەواو کراون و تەواوکاری حکوومەت ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێن پشووی یاسایی پەرلەمان کۆتایی بێت و دەنگ لەسەر کاندیدان بۆ پۆستی ئەو نۆ وەزارەتەی ماون بدرێت. گوتیشی، گوشارێکی زۆری ناوخۆ و دەرەکی هەیە بۆ تەواوکردنی کابینەکەی عەلی زەیدی.
سەبارەت بە سکاڵای ئەو کاندیدانی دەنگییان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارتی نەهێنا و یاخود پێنەدرا، سروە محەمەد، ئاماژەی بەوەکرد، بڕواناکەن دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکان لە بەرژەوەندی کاندیدە دەرنەچووەکان یەکلایی بکاتەوە. لەبارەی ئامادەکردنی یاسای بودجەی ئەمساڵ، ئەندامەی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتی دووپاتیکردەوە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە شەش مانگ و نیو لە ساڵی 2026 تێپەڕیوە، بە دووری دەزانێت بۆ ئەمساڵ یاسای بودجەی گشتی لە عێراق هەبێت و بە ئەستەمی دەزانێت، بەڵام بڕیارە حکوومەت خەرجییە گشتییەکان و خەرجی مووچە رەوانەی پەرلەمان بکات و وردبینی و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراقیش، سروە محەمەد، ئاشکرای کرد، لیژنەکان هەڵبژێردراون و تەنیا سەرۆکی لیژنەکان ماون، ئێستا لەلایەن بە تەمەنترین پەرلەمانتار لە هەر لیژنەیەک سەرۆکایەتی لیژنەکان دەکرێت و لەگەڵ تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمانیش یەکلایی دەکرێنەوە و دەستنیشان دەکرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە، عێراق بە دۆخێکی هەستیار و قورسدا تێدەپەڕێت و لە رووی دارایشەوە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی ئاڵنگارییەکان تێپەڕێندرێن و قەیرانەکان کەمبکرێنەوە.