ترەمپ: رێککەوتنمان نەکردبا، ئابووریی جیهان دادەڕما
ترەمپ دەڵێت، 99.9% ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەگەر پابەندییەکانیشی جێبەجێ نەکات، هێرشی دەکەنە سەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی لووتکەی "گرووپی حەوت" لە فەرەنسا، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆبووەوە.
ترەمپ لەبارەی رێککەوتنی واشنتن و تاران، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رێککەوتنە نوێیەکە رێگری 99.9% لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەگەر ئێران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، زۆر بە توندی جارێکی دیکە هێرشی دەکەنە سەر.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنەکە زۆر بەهێزە و بووەتە هۆی دڵخۆشی بازاڕی پشکەکان، بە جۆرێک لە ماوەی چوار یان پێنج رۆژی رابردوودا بەهەزاران خاڵ بەرز بووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، گەرووی هورمز لە ماوەی یەک یان دوو رۆژی داهاتوودا بە تەواوی دەکرێتەوە و هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە.
روونیشی کردەوە، نرخی نەوت دابەزیوە بۆ نێوان 73 بۆ 74 دۆلار، ئەمەش زۆر نزیکە لەو نرخەی پێش دەستپێکردنی قەیرانەکە هەبوو. گوتیشی، جێگرەوەی ئەم رێککەوتنە داڕمانێکی گەورەی ئابووری جیهانی دەبوو، چونکە هیچ کەشتییەک نەیدەتوانی لە گەرووەکەدا هاتوچۆ بکات لە کاتێکدا مووشەک و مین لە ناوچەکەدا هەبوون.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندی لە دیموکراتەکان گرت و ئەوانی بە هۆکاری کێشەی گرانی بازاڕ و بژێوی ژیان لە قەڵەم دا.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، دیموکراتەکان کێشەی زۆریان دروست کردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی بازاڕی پشکەکان و دابەزینی نرخی سووتەمەنی، دۆخی بژێوی هاووڵاتییان باشتر دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر و مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییەکان؛ ئاگربەست لە لوبنان و کردنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمزیش بەشێکن لە رێککەوتنەکە. بڕیارە رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، ئەم رێککەوتنە لە سویسرا بە فەرمی واژۆ بکرێت، بەمەش کۆتایی بەو قەیرانە دێت کە گیانی هەزاران کەسی کردە قوربانی و بازاڕی جیهانیی وزەی تێکدا.