هێڵی برسییەتی لە تورکیا بۆ 36 هەزار لیرە بەرزبووەوە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی چینی کرێکار (BİSAM) لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بۆ مانگی تەمووزی 2026 ئاشکرای کرد، تێچووی ژیان و بژێوی بۆ خێزانەکان لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و جارێکی دیکە دۆخی ئاسایشی خۆراک و توانای کڕینی هاوڵاتیانی خستووەتە ژێر باس و لێکۆڵینەوەی ئابورییەوە.
بەگوێرەی ئامارە وردەکانی ناوەندەکە، هێڵی برسییەتی بۆ خێزانێکی چوار کەسی، تەنیا تێچووی دابینکردنی خواردنێکی تەندروست و هاوسەنگ دەگرێتەوە، گەیشتووەتە 36 هەزار و 324 لیرە، لە هەمان کاتدا هێڵی گشتی هەژاری بۆ دابینکردنی کۆی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە بۆ هەمان خێزان، بۆ 119 هەزار و 330 لیرەی تورکی بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە وردەکاریی خەرجییە رۆژانەکان، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، شیر و بەرهەمەکانی لە پێشەنگی گرانترین پێداویستییەکانن و رۆژانە زیاتر لە 432 لیرە تێچووەکەیانە، دوای ئەوەش بەرهەمەکانی سەوزە و میوە دێن کە رۆژانە 275 لیرە لە بودجەی خێزان دەبەن، هەروەها خەرجی رۆژانەی گۆشتی سوور و ماسی و مریشک بە 198 لیرە و نانیش بە 86 لیرە خەمڵێنراوە، لە کاتێکدا خەرجییەکانی دیکەی وەک رۆن و هێلکە و پاقلەمەنی و شیرینییەکان بە بڕی جیاواز پشکێکی دیکەی تێچووەکانیان پێکهێناوە.
لە رووی دابەشبوونی تێچووەکانەوە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان بە رێژەی %35.7 گەورەترین پشکیان لە پارەی رۆژانەی خۆراکدا هەبووە و دوای ئەوانیش گرووپی گۆشت و هێلکە و پاقلەمەنییەکان بە %23.3 و سەوزە و میوە بە %22.7 دێن.
ناوەندی لێکۆڵینەوەکە لە کۆتاییدا روونی کردووەتەوە، گرانبوونی نرخی رۆنی رووەکی و چەرەسات هۆکاریی سەرەکی بەرزبوونەوەی هێڵی برسییەتی بووە، بەڵام دابەزینی رێژەیی لە نرخی پەنیر و هەندێک جۆری گۆشت و ماسی وایکردووە ئاستی بەرزبوونەوەکە تا رادەیەک لە سنوورێکی دیاریکراودا بوەستێت.