هونەرمەندێکی کورد تابلۆیەکی تایبەت بۆ نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا دروست دەکات
یەحیا ئەربیلی بە دروستکردنی تابلۆیەکی تایبەت کە باس لە رەنگدانەوەی خۆشەویستی و تەبایی و یەکڕیزیی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەکات، لەسەر داواکاریی شاندێکی پەیوەندیدار بە سەرۆکی ئەمریکا دروستکراوە و پێشکەش بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە.
شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەحیا ئەربیلی، هونەرمەندی خۆشنووس و شێوەکاری کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ماوەیەک بەر لە ئێستا، کاتێک شاندی نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاتبوونە هەولێر، پێویستییان بە تابلۆیەکی تایبەت هەبوو؛ بۆیە بەدواداچوونیان بۆ کارە هونەرییەکانی من کرد و لە کۆتاییدا منیان هەڵبژاردووە بۆ دروستکردنی ئەو بەرهەمە هونەرییە."
ئەربیلی سەبارەت بە تایبەتمەندیی تابلۆکە گوتی، "تابلۆکە تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە و رەهەندەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا تێکەڵ دەکات و پەیامی خۆشەویستی و تەبایی و یەکڕیزی دەگەیەنێت. هەروەها دروستکردنی تابلۆکە ماوەیەکی زۆری خایاندووە، تاوەکو بتوانم بە شێوەیەکی شایستە تەواوی بکەم و پێشکەشی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بکەم."
هونەرمەند باسی لە هەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بینینی تابلۆکە کرد و گوتی، "کاتێک نێچیرڤان بارزانی تابلۆکەی بینیوە، زۆر خۆشحاڵ بوو و بە سەرسووڕمانەوە سەیری کارە هونەرییەکەی کردووە؛ ئەوەش بۆ من وەک هونەرمەندێک ئەوپەڕی شانازییە."
یەحیا ئەربیلی جەختی کردەوە، "دروستکردنی ئەم تابلۆیە و پێشکەشکردنی بەو شێوەیە، شانازییەکی گەورەیە بۆ من وەک هونەرمەندێکی کورد؛ چونکە توانیومە بەرهەمێکی هونەریی تایبەت پێشکەش بکەم و لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا جێگەی خۆی دەگرێت."
ئەو هونەرمەندە باس لە ئامانجی ئەو کارە هونەرییەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، "ئامانجم لە باسکردنی ئەم ئەزموونە هونەرییە، تەنیا ناساندنی کارەکەی خۆم نییە، بەڵکوو دەمەوێت ئەوەش بخەمەڕوو، هونەرمەندانی کورد دەتوانن بە بەرهەمەکانیان بەشداری لە رووداو و چالاکییە گرنگەکاندا بکەن و توانای هونەریی کوردستان بە شێوەیەکی فراوانتر بناسێنن."
یەحیا ئەربیلی باسی لەوەش کرد، "دروستکردنی ئەم تابلۆیە، نموونەیەکە لەو رۆڵەی هونەر کە دەتوانێت سنوورە جوگرافیایی و کولتوورییەکان ببەزێنێت و پەیامی هاوڕێیەتی و تەبایی بگەیەنێت؛ هەروەها دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ناوی هونەرمەندانی کورد و بەرهەمەکانیان لە دەرەوەی کوردستانیش زیاتر بناسرێن."
یەحیا ئەربیلی، هونەرمەندی خۆشنووس و شێوەکاری کورد، لەدایکبووی شاری هەولێرە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە لە ژمێریاری و بەکالۆریۆس لەیاسا، لە ساڵی 2010 کاری پارێزەری کردووە و ئێستاش یاریدەدەری دادوەرییە سەر بە وەزارەتی داد. لە ساڵی 1993 دەستیکردووە بە هونەری خۆشنووسی و ساڵی 1994 یەکێک دەبێت لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان. بەتابلۆیەکی زیو بەشداری لەیەکێک لە پێشانگەکان لە واشنتنی ئەمریکا دەکات، هەروەها لە چەندین پێشانگە و پێشبڕکێی جیهانی لە وڵاتانی ئیتاڵیا، مالیزیا، هیندستان، تورکیا، ئوردن، میسر، قەتەڕ، جەزائیر، لوبنان، شانشینی سعوودیە و ئیمارات بەشداربووە.