پەیامنێری کوردستان24: ئەنجامی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی باش نەبوو
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان هیچ ئەنجامێکی باشی نەبوو، هاوکات گوتیشی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوی بە شاندی پارێزگای سلێمانی نەکەوتووە و چوارچێوەکەش لەسەر پرسی جیاکردنەوە سلێمانی لە هەرێمی کوردستان هیچ رەزامەندییەکیان دەرنەبڕیووە.
سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە بارەی دۆخی ناوخۆیی عێراق، دۆسیەی ئەمنی، ئابووری و دارایی و چوونی هێزەکانی سوپای عێراق بۆ نێو ناوچەی جورف سەخر کۆبوونەوە، و هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لە کۆبوونەوەکەدا بەدەستنەهاتووە، هاوکات گرژیی لە نێو بەشێک لە سەرکردەکانی نێو چوارچێوەکە و عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دروست بووە، و زەیدی بە تووڕەیی کۆبوونەوەکەی جێهێشتووە.
سەبارەت بە سەردانی شاندی پارێزگای سلێمانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی ناوخۆیی چوارچێوەکە، بەشێک لە سەرکردە شیعەکان، لەگەڵ شاندەکەی سلێمانی کە پێکهاتبوون لە شاسوار عەبدولواحید، بافل تاڵەبانی و نزار ئامێدی، کۆبوونەوە.
پەیامنێری کوردستان24 جەختیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، هیچ یەکێک لە داواکارییەکانی شاندەکەی سلێمانی کە پێکهاتبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ سلێمانی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە جیا، ناردن و پێدانی بودجەی پارێزگاکە جیاواز لە هەرێمی کوردستان، هەموو ئەم هەوڵانەی شاندەکەی سلێمانی شکستی هێناوە و سەرکەوتوو نەبووە، هەروەها گوتیشی، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رەزامەندییان لەسەر ئەوە نەداوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پارێزگا بکرێت، بەڵکوو جەختیان لە کۆدەنگی و یەکڕیزی کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، ئەو کێشانەی هەیە دەبێت لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکرێن.
لە بارەی دیدار و کۆبوونەوەی شاندەکەی سلێمانی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دیلان بارزان رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دیدار و کۆبوونەوە لە نێوانیاندا نەبووە و زەیدی چاوی بەو شاندە نەکەوتووە، چونکە زەیدی پێش کۆبوونەوەکە شوێنەکەی جێهێشتووە و رۆیشتبوو.
سەبارەت بە گرژییەکانی بەغدا رایگەیاند، تا دێت دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاو دەنێت بە تایبەت دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هیچ ئەنجامێکی باش بەدەستنەهات، دۆخەکە خراپتر بووە، هاوکات گوتیشی، زەیدی پێداگیرە لەسەر ئەوەی بە هێزی سەربازیی بچێتە نێو جورف سەخر، چونکە پێیوایە لە رێگەی گفتوگۆ ناتوانێت کێشەی ئەو ناوچەیە و گرووپە چەکدارەکان چارەسەر بکات، بۆیە بە فەرمانی زەیدی دوو لیوای دژەتیرۆری عێراق لە دەوروبەری ناوچەکە جێگیرکراون، هاوکات لە پارێزگای بابل هێزێکی دیکەی دژەتیرۆر خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی و لە بەرامبەریشدا، کەتائیبی حزبوڵای عێراق ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەگەری روودانی هەر رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ هێزە عێراقییەکان.