چوار گه‌شتیار له‌به‌ر توڕه‌كردنى "روحه‌كان" سزا دران

به‌ گوێره‌ى راى خه‌ڵكى مالیزیا، چوار گه‌شتیارى خۆرئاوایى رووحه‌كانى چیاى "كینابالو"یان تووڕه‌ كردوون

K24- هه‌ولێر


به‌ گوێره‌ى راى خه‌ڵكى مالیزیا، چوار گه‌شتیارى خۆرئاوایى رووحه‌كانى چیاى "كینابالو"یان تووڕه‌ كردوون، هه‌ر بۆیه‌ بوومه‌له‌رزه‌ روویداوه‌. به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ دادگایه‌كى ئه‌و وڵاته‌ سزاى به‌سه‌ر چوار گه‌شتیاره‌كه‌دا سه‌پاند.
مالیزییاییه‌كان له‌و بڕوایه‌دان، ئه‌و چوار گه‌شتیاره‌ خۆرئاواییه‌ "ره‌فتارى ناشیاو"یان ئه‌نجامداوه‌ و بوونه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى "رووحه‌كانى چیاى كینابالو" تووڕه‌ ببن و به‌و هۆیه‌وه‌ بوومه‌له‌رزه‌ روویداوه‌ و 18 كه‌س به‌ هۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
ئه‌و چوار گه‌شتیاره‌ له‌ به‌رده‌م دادوه‌ردا دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ "خراپه‌كارییان" ئه‌نجامداوه‌ و خۆیان رووتكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ سه‌ر لوتكه‌ى به‌رزترین چیاى مالیزیا به‌ رووتى وێنه‌یان گرتووه‌.
ئه‌و چوار گه‌شتیاره‌، دوانیان ئافره‌تن و خه‌ڵكى كه‌نه‌دان و دوانیان پیاون و یه‌كێكیان بریتانى و ئه‌وى دیكه‌یان هۆڵه‌ندییه‌.
ئاژانسى "برناما"ى فه‌رمى مالیزیا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دادگا دوو بژارده‌ى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌و گه‌شتیارانه‌، یه‌كێكیان پێبژاردنى بڕێك پاره‌ كه‌ خۆى له‌ 1330 دۆلار ده‌دات و دووه‌میشیان به‌ندكردنه‌ بۆ ماوه‌ى 3 مانگ ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانى ئه‌و پاره‌یه‌ بده‌ن.
هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ى بڕیاره‌كه‌ ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ مالیزیا دووربخرێنه‌وه‌.
رۆژى هه‌ینى، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و چوار گه‌شتیاره‌ وێنه‌ى خۆیان ده‌گرن، بومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌ شاخه‌كه‌ ده‌دات و به‌ هۆیه‌وه‌ 18 ئاره‌زوومه‌ندى شاخه‌وانیى گیانیان له‌ده‌ستدا.
كینابالو، به‌رزترین لوتكه‌ى شاخى وڵاتى مالیزیایه‌ و به‌رزییه‌كه‌ى 4094 مه‌تره‌ و به‌ به‌رزترین لوتكه‌ چیاى باشوورى خۆرهه‌ڵاتى ئاسیا هه‌ژمار ده‌كرێت.