بەهۆى خواردنەوەى مەیى ژەهراوى 92 كەس گیانیان له دەست دا
بە هۆى خواردنەوەى مەیى بەسەرچوو، 92 هاوڵاتى هیندستان لە شارى مۆمبایى ئەو وڵاتە گیانیان لەدەست دا.
K24 – ھەولێر
بە هۆى خواردنەوەى مەیى بەسەرچوو، 92 هاوڵاتى هیندستان لە شارى مۆمبایى ئەو وڵاتە گیانیان لەدەست دا.
سودهیر بوتیر، ئەفسەرى پۆلیس لە مۆمباى، رایگەیاند، شەوى چوارشەممەى رابردوو، لە ناوچەى ملوانیى باكوورى مۆمباى، ژمارەیەك هاووڵاتى مەیان خواردووەتەوە و بەو هۆیەوە رەوشى تەندرووستیان تێكچووە.
گوتیشى: "بەهۆى بەسەرچوونى خواردنەوەكەیان و ناشیاوى بۆ بەكارهێنان لە ماوەى كەمتر لە هەفتەیەكدا بەو هۆیەوە 92 هاووڵاتى گیانیان لەدەستداوە".
روونیشیكردەوە، هێشتا 24 هاووڵاتى لە نەخۆشخانەدا ماونەتەوە و لە ژێر چاودێریدان و لەو ژمارەیەش 19 حاڵەتیان مەترسیدارن.
بە گوێرەى زانیارى ئەو بەرپرسەى پۆلیس، 8 كارمەندى پۆلیسى سەر بە بنكەى پۆلیسى ملوانیى بە تۆمەتى كەمتەرخەمیى رەوانەى دادگا كراوون.
ئەمە یەكەمجار نییە لە هیندستاندا بە هۆى خواردنەوەى مەیى رێگە پێ نەدراو، هاووڵاتیان گیان لەدەستدەدەن و لە 2004دا 102 هاووڵاتى گیانیان لەدەستدا و بە دەیانى دیكە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە بە هۆى ئەوەى مەیى خۆماڵیان خواردبوویەوە.
هەندێك لەو كەسانەى مەیى بە شێوەى كلاسیكى و لەسەر بنەماى دابونەریتى هیندۆسەكان درووست دەكەن بە مەبەستى كاریگەر بوونى خواردنەوەكەیان دەرمانى كیمیایى بەكار دەهێنن و هەندێكجاریش ئەو كارەیان كارەساتى گیانلەدەستدانى هاووڵاتیانى لێدەكەوێتەوە.