ئه‌مڕۆ رۆژی نێوده‌وڵه‌تی "بێوه‌ژنانه"‌

له‌ ئه‌نجامی خراپی ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئه‌و ژنانه‌ى هاوسه‌ريان له‌ده‌ستداوه‌، له‌ ساڵی 2011 نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕیاریدا كه‌ هه‌موو 23 مانگێكى حوزه‌یران، بكاته‌، رۆژی نێو ده‌وڵه‌تی "بێوه‌ژنان".

 

له‌ ئه‌نجامی خراپی ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئه‌و ژنانه‌ى هاوسه‌ريان له‌ده‌ستداوه‌، له‌ ساڵی 2011 نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕیاریدا كه‌ هه‌موو 23 مانگێكى حوزه‌یران، بكاته‌، رۆژی نێو ده‌وڵه‌تی "بێوه‌ژنان".

ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌(23-6-2015)، "بانكی مۆن" به‌ بۆنه‌ی رۆژی نێوده‌وڵه‌تی بێوه‌ژنانی جیهان،  نامه‌یه‌كی له‌ سایتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا بڵاوكرده‌وه‌، تیایدا هاتووه‌: "وه‌ك ده‌زانین بێوه‌ژنانی جیهان رووبه‌ڕووی زۆر مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه‌ له‌ ژیاندا، ئه‌وان ده‌ناڵێنن به‌ده‌م هه‌ژاری و نه‌دارییه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی سێكسی و ئه‌شكه‌نجه‌دان و كوشتن بوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر هه‌موومان پێویسته‌ رێز له‌ بێوه‌ژنانی جیهان بگرین و به‌ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه‌ بچین، یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری له‌نێوانیاندا په‌یڕه‌و بكه‌ین".

به‌پێی دواین ئاماری كه‌  له‌ ساڵی 2013 نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڵاویكرده‌وه‌، 115 ملیۆن بێوه‌ژن له‌ جیهاندا هه‌ن و 81 ملیۆن تووشی ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی بوونه‌ته‌وه‌.

له‌سه‌ر ئاستى عێراقيش به‌پێی‌ ئامارێكی‌ ساڵی‌ رابردوو كه‌ پێش به‌رپابوونی‌ شه‌ڕی‌ داعش ئه‌نجامدراوه‌ ده‌ریده‌خات ژماره‌ی‌ بێوه‌ژنان له‌ عێراق گه‌يشتووه‌ته‌ 1 مليۆن و 500 هه‌زار، مه‌زه‌نده‌ش ده‌كرێت ئه‌م ژماره‌یه‌ بۆ 2 ملیۆن به‌رز بووبێته‌وه‌.

به‌ڵام له كوردستاندا، به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ كارو كاروبای‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، نزیكه‌ی‌ 45 هه‌زار بێوه‌ژن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌ن.

له‌و 45 هه‌زار بێوه‌ژنه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌ن، 19 هه‌زار و 600 بێوه‌ژن، له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانین و 15 هه‌زار بێوه‌ژن له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر و 3 هه‌زارو 643 بێوه‌ژنیش له‌ پارێزگای‌ دهۆكن.