جزیرێ...سوپای توركیا 60 كەس دەكوژێت

"سێ رۆژ لەمەوبەر پەیوەندیان بچڕاوە"

K24 - شرناخ:

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردووەته‌وه‌، سوپای توركیا لە شارۆچكەى جزیرێ لە باكووری كوردستان ئۆپەراسیۆنێكی بۆ سەر ژێر زەمینێك ئەنجامداوە و 60 ئەندامی یەكینەكانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) كوژراون.

ئایجان ئیرمەز، پەرلەمانتاری ھەدەپەی شرناخ بە كوردستان 24ی راگەیاند: " ئێمە زانیاریمان ھەبووە كە 60 بریندار لە جزیرێ لە نێو ژێرزەمینی خانوێكدا بوون، پێشبينی دەكەین ھەموویان كوژرابن، بەڵام ھەوڵدەدەین زانیاری تەواو وەربگرین".

 لە 23ی مانگی رابردوودا 30 بریندار لە شارۆچكەی جزیرێی باكووری كوردستان داوای ھاوكاریان كرد و تەنھا لەماوەی 10 رۆژدا 6 لەو بریندارانە گیانیان لەدەستدا و 3 رۆژ لەمەبەر پەیوەندی لەگەڵ بریندارەكان پچڕا.

بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە باكووری كوردستان ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتیان گیانیان لە دەستداوە و برینداربوون، بەشێكی زۆریش لە ھاووڵاتیان ناچاربوونە ماڵ و حاڵیان جێبھێڵن، سوپا و ھێزە ئەمنییەكانی توركیاش بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن.