راوێژکارێکی ئۆغڵۆ: پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ گرووپە کوردییەکان خاڵی ناکۆکی نێوانمانە
"تورکیا سنووری خۆی لە هەموو هێرشێکی دەرەکیی دەپارێزێ وەک چۆن پێشتر فڕۆکە رووسییەکەی خستەخوارەوە"
K24- هەولێر
عومەر کۆرکماز، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داوودئۆغڵۆ بۆ کاروباری عەرەب، رایگەیاند پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ چەند گرووپێکی کورد بەشێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا.
عومەر کۆرکماز لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت گوتی: "پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ چەند گرووپێکی کورد بەشێکە لە خاڵە ناکۆکەکان کە تورکیا لەبارەیانەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکەی لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی".
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتیشی: "تورکیا سنووری خۆی لە هەموو هێرشێکی دەرەکی دەپارێزێ وەک چۆن پێشتر فڕۆکە رووسییەکەی خستەخوارەوە"، وەک ئاماژەیەک بۆ جموجۆڵی شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سەر سنووری نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان و جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە هەمان ناوچە.
عومەر کۆرکماز ئاماژەش دەکات کە: "تورکیا بەردەوام دەبێ لە پێشوازیکردن لە پەنابەرانی سووریا، هەرچەندە ژمارەیان زۆرە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ناچێتە ژێر باری بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو پەنابەرانە".
ئەم لێدوانانەی روێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە کاتێکدایە تورکیا رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە بۆئەوەیرێگە بە دەیان هەزار پەنابەری هەڵاتووی سووریا بدات بێنە نێو خاکییەوە.
عومەر کۆرکماز ئەوەشی خستەڕوو کە: "تورکیا لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی سووریاوە تا ئێستا 2.5 ملیۆن پەنابەری سووریای لە خۆگرتووە".
پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند توڕەبوونی خۆی ئاشکرا کرد لە بەرامبەر پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کورد لە رۆژئاوا و داوای لە واشنتن کرد یەکێکیان هەڵبژێرێ یان تورکیا یاخود "تیرۆریستانی کۆبانێ"، وەک ئەردۆغان گوتی.