ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات چی دیکە پەیەدە نەکاتە ئامانج

"داوا لە پەیەدە دەکەین ناوچەی نوێ لە سووریا نەگرێتەوە"

K24- هەولێر:

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، جۆن كێربى داوای لە تورکیا کرد چی دیکە پێگەکانی کورد و رژێمی سووریا لە باکووری سووریا نەکاتە ئامانج و رایگه‌یاند داوا لە هێزە کوردییەکان دەکەین ناوچەی نوێ لە سووریا نەگرنەوە.

جۆن کێربی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "داوای لە تورکیا کرد چی دیکە پێگەکانی کورد و رژێمی سووریا لە باکووری سووریا نەکاتە ئامانج، ئێمە زۆر نارەحەتین لەبارەی دۆخی باکووری شاری حەلەب و کاردەکەین بۆ رێگەگرتن لە زیاتر چڕبوونی ململانێکان لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە".

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا گوتیشی: "داوا لە هێزە کوردییەکان دەکەین ناوچەی نوێ لە سووریا نەگرنەوە".

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای بەئامانجکردنی چەند پێگەیەکی سەرازیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی رژێمی سووریا هات لە نێو خاکی سووریا، دوێنێ شەممە، لە لایەن سوپای تورکیاوە.

رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانەی مافی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سوریایە لەمبارەوە رایگەیاند: "هێزەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەلیان لە دەوروبەری عزاز و ناوچەکانی باکووری شاری حەلەب بۆردوومان کرد و بۆردوومانەکە گوندی مالکییە و ناوچەی مینگی بندەستی یەکینەکانی پاراستنی گەلیان، دوو رۆژ لەمەوبەر، کردە ئامانج، جگە لە بەئامانجکردنی ناوچەی عەفرین".

هاوکات ئەحمەد داوودئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند کە: "وڵاتەکەی هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر ئەگەر هەر هەڕەشەیەک لە دیوی سووریاوە سەرهەڵبدات".

داوودئۆغڵۆ گوتیشی: "پارتی یەکێتی دیموکرات پاکتاوی نەتەوەیی و تاوانی جەنگ ئەنجامدەدات"، و داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد هەڵوێستێکی روون لە بەرامبەر پارتی یەکێتی دیموکرات بنوێنێ.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە ماوەیەکە ناکۆکیی لەبارەی شێوازی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە رۆژئاوای کوردستان، لە نێوان ئەنقەرە و واشنتن سەریهەڵداوە، بەتایبەت دوای سەردانی نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بۆ رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە.

پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا داوای لە ئەمریکا کرد هەڵوێستی خۆی روون بکاتەوە و راگەیەنێ کەمیان هەڵدەبژێرێ تورکیا یان "یەپەگەی تیرۆریست"، بەڵام ئەمریکا لە وەڵامدا رایگەیاند کە یەپەگە تیرۆریست نییە.

سەرچاوە: رۆیتەرز، شنۆ محەممەد، نەوزاد محەممەد