وەزیرێک: عێراقییەكان گەورەترین كڕیاریی موڵك و شوقەن لە توركیا

"ھاوڵاتیانی عێراق ھەوڵدەدەن سەرمایەكانیان لە وڵاتانی دیكە خەرج بكەن"

K24 - ھەولێر:

وەزیرێکی حكوومەتی توركیا رایگەیاند ھاوڵاتیانی عێراق گەورەترین كڕیاری موڵك و شوقەكانی توركیا بوون لە ساڵی رابردوودا.

فاتیمە ساریی، وەزیری ژینگە و شارەوانیی توركیا رایگەیاند:  "لە ساڵی 2015 دا، ھاوڵاتیانی عێراق گەورەترین كڕیاری موڵك و شوقە بوون لە شارەكانی ئیستانبوڵ و ئەنتالیا".

وەزیری  ژینگە و شارەوانیی  توركیا دەشڵێ: "لە ساڵی رابردووە 6.4 ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی لە لایەن كەسانی بیانییەوە لە توركیا كڕدراون، لە نێویاندا کڕیاری عێراقیی پێشەنگن لە دوای ئەوان کڕیاری سعودیی و رووسیی دێن".

فاتیمە ساریی گوتیشی: زۆرترین ئەو موڵكانەی کە لە لایەن بیانییەكانەوە كڕدراون، لە شارەكانی ئیستانبوڵ، ئەنتالیا، ئەلانیا، بورسا، بوونە".

بەھۆی خراپیی بارودۆخی ئەمنیی عێراق، ھاوڵاتیانی عێراقی ھەوڵدەدەن سەرمایەكانیان لە وڵاتانی دیكە خەرج بكەن بەتایبەت لە تورکیا، چونكە توركیا وڵاتێكی گەورەی گەشتیارییە و هاوسنوورە لگەڵ عێراق.

سەرچاوە: DHA، ئامادەكردنی: شنۆ محەممەد